یاساناسێك ده‌سه‌ڵاته‌كانى ئێستاى عه‌بادی ئاشكرا ده‌كات

 یاساناسێك ده‌سه‌ڵاته‌كانى ئێستاى عه‌بادی ئاشكرا ده‌كات
یاساناسێكى عێراقى، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و حكوومه‌ته‌ى عه‌بادى سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نه‌ماوه‌ و ته‌نها كاربه‌ڕێكه‌ره‌.

عه‌لى تمێمی، یاساناسى عێراقی و شاره‌زا له‌ ده‌ستوور، ڕای گه‌یاند: "دواى ڕاسپاردنى عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێی حكوومه‌ت، حه‌یده‌ر عه‌بادی، بوو به‌ سه‌رۆكى كاربه‌ڕێكه‌رى حكوومه‌ت، به‌ بێ ئه‌وه‌ى هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی هه‌بێت".

ڕوونی كرده‌وه‌، كه‌ دواى پێكهێنانى كابینه‌كه‌ و ده‌نگدان له‌سه‌رى له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌، عه‌بادی ده‌بێته‌ هاووڵاتییه‌كى ئاسایی: "یان ده‌توانێت سوێندی یاسایی بخوات و ببێته‌ په‌رله‌مانتار".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانى ئێستاى عه‌بادى، سنوورداره‌ و له‌ خه‌رجكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران تێناپه‌ڕێت، گوتیشی: "ناتوانێت هیچ یاسایه‌ك ده‌ربكات، یان په‌یماننامه‌ واژۆ بكات، هه‌روه‌ك ناشتوانێت كه‌س دابمه‌زرێنێت، كاره‌كانى ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ كارى ڕۆژانه‌ به‌ڕێ بخات بۆ ئه‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتییان په‌كی نه‌كه‌وێت".

شه‌وى ڕابردوو، عادل عه‌بدولمه‌هدی ڕاسپێردرا بۆ ئه‌وه‌ى له‌ماوه‌ى یه‌ك مانگدا، كابینه‌ى نوێی حكوومه‌تى عێراق پێكبهێنێت.










باسنيوز
Top