ڕاپۆرتێك: هێزه‌ شیعه‌كان به‌ عه‌بدولمه‌هدی ڕازی نین و ئاسته‌نگی دێته‌ پێش

 ڕاپۆرتێك: هێزه‌ شیعه‌كان به‌ عه‌بدولمه‌هدی ڕازی نین و ئاسته‌نگی دێته‌ پێش
به‌ڕاسپاردنى عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێی حكوومه‌ت، حزبى ده‌عوه‌ى ئیسلامی (به‌سه‌رۆكایه‌تی نوورى مالیكی) دواى 13 ساڵ له‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی، له‌ لوتكه‌ى ده‌سه‌ڵات هێندرایه‌ خواره‌وه‌. سه‌رچاوه‌یه‌كیش جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، كه‌ بۆ پێكهێنانى كابینه‌كه‌ى، ئاسته‌نگی دێته‌ پێش.



سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسی ئاگادار، به‌ ڕۆژنامه‌ى "عه‌ره‌بى جه‌دید"ى ڕاگه‌یاندووه‌: "ڕاسپاردنى عه‌بدولمه‌هدی بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێی حكوومه‌ت، جێگه‌ى ڕازیبوونى هه‌موو هێزه‌ شیعه‌كان نییه‌". ڕوونیشی كرده‌وه‌، كه‌ ئه‌وانه‌ى دژ به‌ ڕاسپاردنى عادل عه‌بدولمه‌هدی بوون، ناچار كراون بێده‌نگى هه‌ڵببژێرن، چونكه‌ له‌لایه‌ن عه‌لى سیستانى، مه‌رجعه‌ى باڵاى شیعه‌كانه‌وه‌، پشتیوانى ده‌ركێت.



ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كه‌ لایه‌نی سه‌ره‌كى له‌ دژایه‌تیكردنى ڕاسپاردنى عه‌بدولمه‌هدى، حزبى ده‌عوه‌ى ئیسلامی و ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تى یاسایه‌، كه‌ به‌نیازبوو ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ستیاندا بمێنێته‌وه‌.



سه‌رچاوه‌كه‌ باس له‌وه‌ش ده‌كات، كه‌ پێشبینی ده‌كرێت، ڕاسپێردراوه‌كه‌، ئاسته‌نگی زۆرى بێته‌ پێش، چونكه‌: "كوتله‌ى په‌رله‌مانى گه‌وره‌ى نییه‌، كه‌ له‌ گفتوگۆكان و له‌ناو په‌رله‌ماندا پشتیوانى بكات".



دواى ڕاسپاردنى عه‌بدولمه‌هدى، حه‌یده‌ر عه‌بادى، به‌ په‌یامێكی كورت، پیرۆزبایی لێكرد و داوای كرد، "باشترین و گونجاوترین" كه‌سه‌كان بۆ كابینه‌كه‌ى دیارى بكات.



جێی ئاماژه‌دانه‌، كه‌ پێش 13 ساڵ، بۆ یه‌كه‌م جار به‌ فه‌رمى، سه‌ركرده‌كانى حزبى ده‌عوه‌ى ئیسلامی، ده‌سه‌ڵاتى عێراقیان گرته‌ ده‌ست، دواى ماوه‌یه‌كی كه‌م، زۆرینه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ شێوازى به‌ڕێوه‌بردنى وڵات له‌لایه‌ن ئه‌و حزبه‌وه‌، نیگه‌ران بوون و ڕایان ده‌گه‌یاند، كه‌ "تاكلایه‌نانه‌ بڕیار ده‌ده‌ن" و، گه‌نده‌ڵییه‌كی زۆرى داراییش، هه‌موو جومگه‌كانى وڵاتى ته‌نیوه‌، كه‌ به‌پێی زانیارییه‌كان، زیاتر له‌ 550 ملیار دۆلارى ئه‌مریكی، به‌هه‌ده‌ر درا".


سه‌ره‌تا له‌ ساڵى 2005، ئیبراهیم جه‌عفه‌رى، كه‌ ئه‌وكات سه‌رۆكى حزبه‌كه‌ بوو، سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌تى گرته‌ ده‌ست، پاشان، نوورى مالیكی، دواى ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى حزبه‌كه‌ى له‌ جه‌عفه‌رى وه‌رگرت و بوو به‌ ئه‌میندارى گشتیی حزب، له‌ساڵى 2006 بوو به‌سه‌رۆك وه‌زیران و دوو خولى به‌رده‌وام سه‌رۆكى حكوومه‌ت بوو، كه‌ جگه‌ له‌گه‌نده‌ڵییه‌كى زۆر، هاوكات، له‌كۆتاییه‌كانى ده‌سه‌ڵاتیدا عێراقی ڕووبه‌ڕووی داگیركارى داعش كرده‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ گه‌رمكردنى شه‌ڕى تایفیی به‌درێژایی ئه‌و هه‌شت ساڵه‌ى ده‌سه‌ڵاتیدا.

له‌ ساڵى 2014، حه‌یده‌ر عه‌بادى، به‌رپرسی مه‌كته‌بى سیاسی حزبى ده‌عوه‌، ده‌سه‌ڵاتى له‌ ئه‌میندارى گشتى حزبه‌كه‌ى وه‌رگرت، له‌ چوار ساڵه‌ى ده‌سه‌ڵاتیدا، به‌هه‌مان شێوه‌ى پێشوو، گه‌نده‌ڵى به‌رده‌وام بوو، عێراقیش ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانى ئابوورى بووه‌وه‌.


دره‌نگانێكی شه‌وى ڕابردووش، دواى سوێندخواردنى یاسایی به‌رهه‌م ساڵح وه‌ك سه‌ركۆمارى نوێی عێراق، له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا، عادل عه‌بدولمه‌هدی، بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێی حكوومه‌ت، ڕاسپارد، كه‌ به‌پێی ده‌ستوور، ماوه‌ى یه‌ك مانگى له‌به‌رده‌ستدایه‌ بۆ ڕاگه‌یاندنى كابینه‌كه‌ى.



باسنيوز
Top