جه‌عفه‌ری شاره‌زای وڵاته‌كه‌ی خۆی نییه‌ و هه‌ڵه‌یه‌كی 3 هه‌زار ساڵی ده‌كات

جه‌عفه‌ری شاره‌زای وڵاته‌كه‌ی خۆی نییه‌ و هه‌ڵه‌یه‌كی 3 هه‌زار ساڵی ده‌كات
چالاكوانانی عێراق، له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی ئیبراهیم جه‌عفه‌ری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ كاتی پێشكه‌شكردنی وتاره‌كه‌یدا له‌ كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌وێته‌ هه‌ڵه‌یه‌كی مێژوویی له‌ باره‌ی به‌غداوه‌.

جه‌عفه‌ری كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی عێراق ده‌كات، له‌ وتاره‌كه‌یدا كه‌وته‌ هه‌ڵه‌یه‌كی مێژوویی كاتێك باسی گوته‌یه‌كی سه‌رجۆنی ئه‌كه‌دی كردووه‌ له‌ باره‌ی به‌غدا، كه‌ 2300 ساڵ به‌ر له‌ زایین، فه‌رمانڕه‌وای ناوچه‌كه‌ بووه‌.

قسه‌كانی جه‌عفه‌ری له‌و كاته‌دا هات، كه‌ باسی له‌ پێكه‌وه‌ژیان ده‌كرد له‌لای خه‌ڵكی به‌غدا و گوتی: "سه‌رجۆنی ئه‌كه‌دی له‌ باره‌ی به‌غداوه‌ ده‌ڵێت كه‌ چه‌تری جیهانه‌ و هه‌ركه‌سێك فه‌رمانڕه‌وایی بكات، كۆنتڕۆڵی چوار با ده‌كات (به‌ گوێره‌ی گێڕانه‌وه‌ مێژووییه‌كان ئه‌و چوار بایه‌ به‌شێك بوونه‌ له‌ سوپاكه‌ی حه‌زره‌تی سوله‌یمان)".

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، دكتۆر عوده‌ی هاشمی، پسپۆڕی مێژوو، بۆ "العربیه‌" رایگه‌یاند، سه‌رجۆنی ئه‌كه‌دی، 2300 ساڵ پێش زایین، فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌كه‌دییه‌كانی له‌ وڵاتی دۆڵی رافیده‌ین دامه‌زراند و فه‌رمانڕه‌وایی به‌شێكی زۆری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كردووه‌.

هه‌رچی به‌غدایه‌، ئه‌و پسپۆڕه‌ی مێژوو رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌غدا له‌ سه‌رده‌می خه‌لافه‌تی عه‌باسی له‌ ساڵی 746ی زایینی له‌ ماوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی خه‌لیفه‌ ئه‌بوجه‌عفه‌ری مه‌نسوور دامه‌زراوه‌.

هاشمی روونیشی ده‌كاته‌وه‌، ماوه‌ی نێوان فه‌رمانڕه‌وایه‌تی سه‌رجۆنی ئه‌كه‌دی و دامه‌زراندنی به‌غدا، 3 هه‌زار ساڵه‌. سه‌رسوڕمانی خۆیشی له‌ گوته‌كانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ ده‌ربڕی و رایگه‌یاند، به‌داخه‌وه‌ "جه‌نابی وه‌زیر" هه‌ڵه‌كه‌ی بۆ ئاماده‌بووان راست نه‌كرده‌وه‌، كه‌ نوێنه‌ر و دیپلۆماتكارانی وڵاتانی جیهان بوون.

پێشتریش جه‌عفه‌ری له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، هاوتا ئێرانییه‌كه‌ی رایگه‌یاند، "پێویسته‌ كرانه‌وه‌یه‌ك به‌رووی داعشدا هه‌بێت"، هاوكات هه‌ڵه‌یه‌كی دیكه‌شی له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه‌ و به‌ هه‌ڵه‌ گوتی: "ئێمه‌ وه‌كو حكوومه‌تی عێراق، راهێنانی سه‌ربازیمان به‌ داعش كردووه‌"، هه‌موو ئه‌و هه‌ڵانه‌ به‌سه‌ر جه‌عفه‌ریدا تێپه‌ڕیون به‌بێ ئه‌وه‌ی راستیشیان بكاته‌وه‌.
k24 -
Top