حەلبوسی: حەوت کاندید مەرجەکانی بوون بە سەرۆک کۆماریان تێدایە

 حەلبوسی: حەوت کاندید مەرجەکانی بوون بە سەرۆک کۆماریان تێدایە
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە حەوت کاندید مەرجەکانی بوون بە سەرۆک کۆماری عێراقیان تێدایە.

دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 27/9/2018، محەمەد حەلبوسی رایگەیاند، کە 30 کەس خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، کاندید کردووە.

پێشنیوەڕۆی پێنجشەممە (ئەمڕۆ)، پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، 22 کەس کاندیدن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.

محەمەد حەلبوسی هەروەها رایگەیاندووە، لەو 30 کاندیدە، حەوت کەسیان مەرجەکانی بوون بە سەرۆک کۆماری عێراقیان تێدایە.

بەپێی ماددەی 68ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق، دەبێ ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆک کۆمار ئەو مەرجانەی خوارەوەی تێدا بێت؛



یەکەم/ عێراقی بێ و لە دایک و باوکێکی عێراقی لەدایکبووبێت.

دووەم/ پێگەیشتوو بێ و 40 ساڵی تەمەنی تەواو کردبێت.

سێیەم/ خاوەن ناوبانگێکی باش و شارەزایی سیاسیی بێ و شاهێدیی لەسەر پاکێتی، خۆڕاگری، دادپەروەری و دڵسۆزیی بۆ نیشتمان بدرێ.

چوارەم/ نابێ لە بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانکۆیەکی باوەڕپێکراو لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی، کەمتری هەبێت.

پێنجەم/ بە تاوانی ئابڕووبەر سزا نەدرابێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی فواد حوسێنی وەک کاندیدی حزبەکە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق راگەیاند و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی پارتی، بەرهەم ساڵحی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، کاندید کردووە.

ھەرچەندە ئەرکی سەرۆک کۆمار چاودێریکردنی جێبەجێکردنی دەستووری وڵاتە، بەڵام دوو سەرۆک کۆماری پێشتر و پێشووی عێراق، کە یەکێتی بوون، نەیانتوانی گوشار بخەنە سەر حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی گرنگترین بڕگەی ئەو دەستوورە بۆ گەلی کوردستان، کە بریتییە لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکانی دەرەوەی ئیسدارەی ھەرێمی کوردستان.

بەپێی تەوافوقی سیاسیی عێراق، کە لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە پەیڕەو دەکرێ، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بۆ کوردە، سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکھاتەی عەرەبی سوننە و سەرۆکایەتیی حکوومەتیش بۆ پێکھاتەی عەرەبی شیعەیە.










باسنيوز
Top