جۆن بۆڵتەن: ئەگەر ڕێبەرانی ئێران سیاسەتیان نەگۆڕن دۆزەخ دەبینن

 جۆن بۆڵتەن: ئەگەر ڕێبەرانی ئێران سیاسەتیان نەگۆڕن دۆزەخ دەبینن
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی ڕای دەگەیەنێ ئەمریکا بە وردی ئاگاداری کردار و هەڵسوکەوتەکانی ئێرانە کە ئەگەر بێت و ڕەفتاری خۆی نەگۆڕێ، بێگومان گوشارەکانمان بۆ سەریان زیاتر دەکەین.



جۆن بۆڵتەن دوێنێ سێشەممە 2018/9/25 لە دانیشتنی گرووپی "یەکێتی دژی ئێرانی ئەتۆمی" (UANI) لە نیۆیۆرک، حکوومەتی ئێرانی بە هەڕەشەیەکی بەردەوام لەدژی ئەمریکا هاوپەیمانەکانی لەقەڵەم دا و گوتی: "ئەگەر بێت ودژی ئێمە هاوپەیمانەکانمان هەنگاوێک هەڵێنن و زیانێک بە هاووڵاتیانمان بگەیەنن، ئەگەر بێت و درێژە بە درۆ و فریوکارییەکانتان بدەن، خاترجەم بن چارەنووسێکی زۆر خراپ چاوەڕێتانە".



جۆن بۆڵتەن لە بەشێکی دیکە لە گوتارەکەیدا گوتی: "گوشاری ئەمریکا بۆ سەر ئێران تا ئەوکاتەی درێژە بە ڕەفتاری خۆی بدات، بەردەوامە و هەر کات بەو ئەنجامە گەیشتین کە حکوومەتی ئێران چالاکیی پیتاندنی یۆرانیۆمی فراوانتر دەکات، ئەمریکا ئامادەیە ڕێکارەکانی دیکەش بگرێتە بەر و بۆ ئەو مەبەستەش هەر کارێک گونجا و بەجێ بێت ئەنجامی دەدەین".



ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کرد سەرکۆماری ئەمریکا مانگی 11ی ئەمساڵ بەتەمایە جیا لە گەمارۆکانی پێشوو، کۆمەڵێک گەمارۆی دیکە لەدژی ئێران جێبەجێ بکات و گوتی: "گەمارۆکانی ئەمجارەمان توند و بێ‌ڕەحمانە دەبن".



بەپێی زانیارییەکان خولی دووەمی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کەرتی نەوت دەگرێتەوە و ئەمریکا هۆشداریی بە هەموو ئەو وڵاتانە داوە کە کڕیاری نەوتی ئێرانن و دەبێ هەموو ئاڵوێری خۆیان لەگەڵ ئەو وڵاتە ڕابگرن.



جۆن بۆڵتەن یەکێک لە ڕێبەرانی سیاسیی ئەمریکایە کە بە دژبەری سەرسەختی ئێران و سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە ناسراوە.







باسنیوز
باسنیوز
Top