خۆپیشاندانەکانی بەسرە دەست پێ دەکەنەوە
خۆپیشاندانەکان لە شەوی سێشەممە 25/9/2018ـەوە دەستیان پێ کردووەتەوە و داواکاریی خۆپیشاندەرانیش بەرز بووەتەوە، ئێستا ئەوان داوای چاکسازی لە سیستەمی سیاسیی عێراق و پەرەپێدانی ئابووریی ناوخۆیی دەکەن.
هەر لە خۆپیشاندانەکەدا، کە لە شاری بەسرە ئەنجام درا، هاووڵاتییان ناڕەزایی توندی خۆیان دژی تیرۆرکردنی سوعاد عەلی، ژنە چالاکوان و ئەندامی رێکخراوی (ود) بۆ مافەکانی مرۆڤ نیشان دا و داوای دۆزینەوەی تەقەکەران و بەسزاگەیاندنیان کرد.
سوعاد عەلی، کە یەکێک بوو لە رێکخەرانی خۆپیساندانەکان، رۆژی سێشەممە 25/9/2018 لە ناوچەی عەباسییە لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە درایە بەر دەستڕێژی گوللە و کوژرا.
چەند مانگێکە ئاوی بەسرە پیس بووە و بەهۆیەوە دەیان کەس ژەهراوی بوون، هەرچەندە هاووڵاتییانی بەسرە نزیکەی دوو مانگە خۆپیشاندان دەکەن و داوای چارەسەرکردنی دەکەن، بەڵام حکوومەتی عێراق گوێ بە داواکارییەکەیان نادات.
ئەو خۆپیشاندانانە لە ناوەڕاستی مانگی 7ـی ئەمساڵەوە دژی نەبوونی ئاوی خواردنەوە، کارەبا دەستیان پێ کرد، بەڵام حکوومەت و میلیشیا عێراقییەکان لە بری دابینکردنی داوا رەواکانیان، بە گوللە وەڵامیان دەدەنەوە.
باسنیوز