سەرکردەیەکی سوننە: عێراق بەرەو هەڵدێر و داڕمان دەڕوات
رۆژی دووشەممە 24/9/2018، ئەسیل نوجەیفی، پارێزگاری پێشووی نەینەوا و یەکێک لە سەرکردەکانی سوننەکان بە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، خۆزگەی خواستووە سەرکردەکانی عێراق تێگیشتبان، کە لە کۆتاییدا تەنیا متمانەی گەل بەکەڵکیان دێت.
ئەسیل نوجەیفی هەروەها رایگەیاندووە، سەرلەبەری پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان لەسەر فرتوفێڵ بینا کراوە.
ئەو سەرکردەیەی سوننەکان پێی وایە ئەو فرتوفێڵانە دەبنە هۆی هەڵدێران و داڕمانی پرۆسەی سیاسیی لە عێراق و دواجاریش وڵاتەکە بەتەواوی دادەڕمێت.
رۆژی شەممە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا و رۆژی 19/8/2018ش دادگای فیدڕالیی عێراق ئەنجامەکەی پەسەند کرد، بەڵام تا ئێستا لایەنە عێراقییرکان لەسەر دیاریکردنی سەرۆکی حکوومەت رێک نەکەوتوون.
محەمەد حەلبوسی، کاندیدی (کوتلەی حەل) رۆژی شەممە 15/9/2018، بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا و ژمارەیەک لایەنی سیاسیش باس لەوە دەکەن، کە حەلبوسی بە زەبری پارە دابەشکردن، ئەو پۆستەی وەرگرت.
باسنيوز