ئەیاد عەللاوی هەڕەشەی کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی دەکات
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، رۆژی دووشەممە 24/9/2018، ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی وەتەنییە رایگەیاندووە، کە ئەگەر بارودۆخی عێراق بەم شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، ئەوا ”هاوپەیمانیی وەتەنییە لە پرۆسەی سیاسی دەکشێتەوە“.
ئەیاد عەللاوی سەرکردەیەکی باڵای عێراقییە. لە ساڵی 1945 لە دایک بووە. لە ساڵی 2004 بووە سەرۆکی حکوومەتی کاتیی عێراق و لە ساڵەکانی 2014 و 2015ش جێگری سەرۆک کۆماری عێراق بوو.
رۆژی شەممە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا و رۆژی 19/8/2018ش دادگای فیدڕالیی عێراق ئەنجامەکەی پەسەند کرد، بەڵام تا ئێستا لایەنە عێراقییرکان لەسەر دیاریکردنی سەرۆکی حکوومەت رێک نەکەوتوون.
هاوپەیمانیی و لیستە براوەکان:
- هاوپەیمانیی سائیرون بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر، 54 کورسی
- هاوپەیمانیی فەتح (حەشدی شەعبی) بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، 47 کورسی
- هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی، 42 کورسی
- لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، 25 کورسی
- هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نوری مالیکی، 25 کورسی
- ئیئتیلافی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەللاوی، 21 کورسی
- رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەمار حەکیم، 19 کورسی
- لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، 18 کورسی
- هاوپەیمانیی قەرار بە سەرۆکایەتیی ئوسامە نوجەیفی، 14 کورسی
بەپێی تەوافوقی سیاسیی عێراق، کە لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003ـەوە پەیڕەو دەکرێ، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بۆ کوردە، سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی عەرەبی سوننە و سەرۆکایەتیی حکوومەتیش بۆ پێکهاتەی عەرەبی شیعەیە.
باسنيوز