ئێران داواکارییەک ئاراستەی عەبادی دەکات
رۆژی یەکشەممە 23/9/2018، ئایەتوڵڵا سەید عەلی حوسەینی ئاشکوری، ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران رایگەیاندووە، قەیرانی دارایی تەنگی بە هاووڵاتییانی ئێراندا هەڵچنیوە.
ئایەتوڵڵا سەید عەلی حوسەینی ئاشکوری لە پەیامێکدا بۆ حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق، داوای لێکردووە ئەو قەیرانە داراییەی ئێران لەبەرچاو بگرێت و پارەی پێدانی ڤیزا بە زیارەتکارانی رێوڕەسمەکانی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن، وەرنەگرێت.
قەیرانی دارایی ئێران دوای دروستبوونی ناکۆکیی زیاتر لە نێوان تاران و واشنتن و سەپاندنی چەندین سزای ئابوورییە لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر ئێران سەری هەڵداوە.
چەند مانگێکە پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن گەیشتوونەتە خراپترین ئاست و ئەمریکا ژمارەیەک سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.
شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
باسنیوز