سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێک دژی داعش لە بیابانەکانی رۆژئاوا ئەنجام دەدات

 سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێک دژی داعش لە بیابانەکانی رۆژئاوا ئەنجام دەدات
سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوان دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە بیابانەکانی رۆژئاوای وڵاتەکەی، ئەنجام دەدات.

سەنتەری راگەیاندنی ئەمنیی عێراقی رایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنەکە بە بەشداریی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی جەزیرە و میلیشیاکانی حەشدی عەشائیری رۆژی شەممە 22/9/2018 لە بیابانەکانی هەرسێ پارێزگای نەینەوا، سەڵاحەدین و ئەنبار دەستی پێ کرد.

ئۆپەراسیۆنەکە دژی بنکە و بارەگاکانی چەکدارانی داعشە لەو بایابانەدا، کە بەردەوام کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.

ئەو ئۆپەراسیۆنەی دژی داعش لەکاتێک دایە، کە لە مانگی 12ـی 2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەموو خاكی وڵاتەکەی لە داعش پاک کرایەوە و ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لە عێراق کۆتایی پێ هات.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.











باسنيوز
Top