حەیدەر چانسی خولی دووه‌می سه‌رۆكوه‌زیرانی له‌ ده‌ست دا

حەیدەر چانسی خولی دووه‌می سه‌رۆكوه‌زیرانی له‌ ده‌ست دا
له‌ رووكه‌شدا كه‌س پێشبینی نه‌ده‌كرد حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كه‌ خۆی به‌ شۆڕه‌سواری تێكشكاندنی داعش له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراق ده‌زانی و به‌ ده‌ستكه‌وتی مه‌زنی بۆ خۆی ناوده‌برد، ھێنده‌ باری لار ببێت چانسی خولی دووه‌می سه‌رۆكوه‌زیرانی له‌ ده‌ست بدات، له‌ كاتێكدا له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكییه‌كان و هه‌ندێك له‌ وڵاتانی رۆژئاواوه‌ پاڵپشتی ده‌كرا و به‌ سه‌ركرده‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی عێراقییه‌كان پاش قۆناغی تائیفه‌گه‌ری ده‌ناسێنرا. وه‌ك ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌ی (Los Angeles Times))ـی ئه‌مه‌ریكی نوسیوویه‌تی.

به‌ڵام ئێستا تاڕاده‌یه‌كی زۆر ته‌نها ده‌رده‌كه‌وێت و هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ و ئاستی جه‌ماوه‌رێتی زۆر دابه‌زیووه‌ و هاوبه‌شه‌ سیاسییه‌كانی له‌ پێناو چوونه‌ ناو شه‌مه‌نده‌فه‌ری هاوپه‌یمانه‌كانی به‌ره‌ی ئێرانی ده‌ستیان لێ به‌رداوه‌، مانه‌وه‌یشی تا ئێستا له‌ پۆسته‌كه‌ی واتای ئه‌وه‌یه‌ ركابه‌ره‌ سیاسییه‌كانی له‌ رێككه‌وتن بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت شكستیانهێناوه‌، ئه‌گینا عه‌بادی ماڵئاواییكردنی مسۆگه‌ره‌.

له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی رۆژی 13/9/2018 دا حه‌یده‌ر عه‌بادی تاڕاده‌یه‌ك دانی به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ ئه‌و رۆژانه‌ی له‌ پۆسته‌كه‌یدا ماویه‌تی كه‌م و دیاریكراوه‌و چه‌ند رۆژێكی ماوه‌ و گووتی: "نالكێم به‌ كورسی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌" ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بوو بۆ داڕووخانه‌ نزیكه‌كه‌ی عه‌بادی له‌ناو توڕه‌یی مه‌یدانی سیاسی عێراقدا كه‌ ئێستا زیاتر گرنگی به‌ كرداره‌كانی سه‌ركرده‌كانیان ده‌ده‌ن نه‌ك مه‌یلی سیاسی و تائیفییان.

له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا عێراق گه‌رده‌لولێكی ناڕه‌زاییشی له‌ به‌سره‌وه‌ تووشهات، له‌وێ زۆرترین نه‌وت و كه‌مترین ئاوی شیرین و هه‌لی كار و كاره‌با هه‌یه‌، دانیشتوانه‌كه‌ی زۆر تووڕه‌ن ئه‌وه‌ی له‌ژێر خاكه‌كه‌یاندایه‌ ده‌برێ و ئه‌وان له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ له‌ نه‌هامه‌تیدا ده‌ژین.

تووڕه‌یی ئه‌وان سه‌ریكێشا بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداری و له‌ دوو هه‌فته‌ی رابردوودا نزیكه‌ی 14 كه‌س كوژران و باره‌گا و باڵه‌خانه‌ی پارته‌كانی نزیك له‌ ئێران و كونسوڵگه‌ریی ئه‌و وڵاته‌شیان سووتاند و ھێزه‌ ئه‌منییه‌كان فریانه‌كه‌وتنایه‌ كونسوڵگه‌ریی ئه‌مه‌ریكاش به‌ده‌ردی ئه‌وه‌ی تاران ده‌چوو.

زۆر كه‌س پێیوایه‌ خۆپیشاندانه‌كان دوا گوللـه‌ بووه‌ به‌ سه‌ری حوكمڕانییه‌كه‌ی عه‌بادییه‌وه‌ نراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌یاڵ نه‌كات خولی دووه‌میش له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی بمێنێته‌وه‌.

به‌ڵام كێشه‌ گه‌وره‌كانی عه‌بادی و حكومه‌ته‌كه‌ی زووتر له‌و بارودۆخه‌كه‌ی به‌سره‌ ده‌ستیپێكرد، كه‌س پێشبینی نه‌ده‌كرد عه‌بادی كه‌ ئه‌ندازیار بوو له‌ بریتانیا پێش گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ عێراق و دوای رووخاندنی رژێمی به‌عس له‌ ساڵی 2003، وه‌ك جێگره‌وه‌ی نووری مالیكی سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووی عێراق له‌‌ناو حزبی ده‌عوه‌ هه‌ڵبژێردرێ و ساڵی 2014 به‌ر به‌و لافاوه‌ی داعش بگرێت كه‌ به‌هۆی داڕووخانی سوپا و پۆلیسی سه‌رده‌می حوكمی مالیكی عێراقی داپۆشی.

زۆر كه‌س ده‌ڵێن ته‌نها خه‌سڵه‌تی باشی عه‌بادییش ئه‌وه‌یه‌ له‌ مالیكی ناچێت، چونكه‌ ئه‌و شیعه‌یه‌كی توندڕه‌وه‌و كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی شیعه‌كان كه‌ وه‌ك خۆی ده‌ڵێت ده‌ست له‌ كاروباری سیاسی وه‌رنادات، ده‌ستوه‌رداته‌ كاروباری سیاسی و داوا له‌ مالیكی بكات ده‌ست له‌ پۆسته‌كه‌ی به‌ربدات.

بانگه‌شه‌ی بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی و پرۆژه‌كانی داهاتووی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی عه‌بادی (نه‌سر) دادی نه‌داو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی رۆژی 12/5/2018 نه‌یتوانی زۆرینه‌ به‌ده‌ستبهێنێت و بووه‌ هاوپه‌یمانی سێیه‌م پاش سائیروون و فه‌تح. هه‌ر بۆیه‌ ده‌یویست به‌هۆی موقته‌دا سه‌دره‌وه‌ خۆی به‌ كورسی خولی دووه‌میدا هه‌ڵواسێته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانی به‌سره‌، په‌رله‌مانتارانی سه‌ر به‌ ره‌وته‌كه‌ی سه‌در داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عه‌بادیان كرد.

هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی ساڵی 2014 داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی له‌ مالیكی كرد، هه‌فته‌ی رابردووش عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان عه‌بادی به‌ یه‌كجاری نائومێد كردوو گووتی: "پاڵپشتی هیچ یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ ناكه‌م ببنه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی داهاتوو كه‌ ساڵانی رابردوو له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بوون".

چاودێران پێیانوایه‌ ئێران له‌ پشت په‌راوێزخستنی حه‌یده‌ر عه‌بادییه‌وه‌یه‌، چونكه‌ به‌ كه‌سێكی داده‌نێت كه‌ پاڵپشتی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات، به‌تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی پابه‌ندبوونی خۆی به‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاری سزادانی ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ ده‌ربڕی، كه‌ مانگی ئابی رابردوو واشنتن بڕیاری له‌باره‌یه‌وه‌دا".

ریناد مه‌نسوور شاره‌زای كاروباری عێراق له‌ ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی Chatham House له‌ له‌نده‌ن ده‌ڵێت: "ئێرانیش له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستنه‌هێنا، بژارده‌ی یه‌كه‌می ئه‌مه‌ریكاش كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی بوو ئه‌ویش سه‌رنه‌كه‌وت، بژارده‌ی یه‌كه‌می ئێرانیش پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتی بوو له‌ نێوان مالیكی و هادی عامری، به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌ ته‌نها به‌س نه‌بوو".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ئێستا خه‌ڵكی عێراق به‌لایه‌وه‌ گرنگ نییه‌ چۆن و كێ ده‌چێته‌‌ سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات و ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌ڵبژاردنی ناسنامه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵكو خه‌ڵكی ئاوی پاك و كاره‌با و كار و ژیانیان ده‌وێ جا هه‌ر لایه‌نێك دابینی بكات پاڵپشتی ئه‌و ده‌كه‌ن.

ئیتر عێراقییه‌كان ره‌حم به‌ سیاسییه‌كان ناكه‌ن و له‌ خۆپیشاندانه‌كانی ساڵی 2018 دا خوێنێكی زۆر نه‌ڕژاوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ساڵی 2019 ئه‌و كێشانه‌ به‌رده‌وامبن و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ستپێبكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ ناوچه‌یه‌كی فراوانتر بگریته‌وه‌و ئه‌گه‌ر سیاسییه‌كان خۆیان چاك نه‌كه‌ن كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی لێ بكه‌وێته‌وه‌و دوور نییه‌ كورسی زۆر سیاسی دیكه‌ی وه‌ك مالیكی و "عه‌بادی"ـش لافاوی خوێن بیبات.







K24
Top