سه‌ركرده‌یه‌كی دیكه‌ له‌ حزبه‌كه‌ى جیا ده‌بێته‌وه‌

 سه‌ركرده‌یه‌كی دیكه‌ له‌ حزبه‌كه‌ى جیا ده‌بێته‌وه‌
سه‌ركرده‌یه‌كی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تى یاسا، پێشبینی ده‌كات، حه‌یده‌ر عه‌بادى، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ركرده‌كانى حزبى ده‌عوه‌، بڕیارى كشانه‌وه‌ له‌ حزبه‌كه‌ى بدات.

محه‌مه‌د سه‌یهوود، په‌رله‌مانتارى پێشوو و سه‌ركرده‌ له‌ ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تى یاسا، ڕای گه‌یاند: "سه‌ركرده‌كانى حزبى ده‌عوه‌ی ئیسلامی به‌سه‌رۆكایه‌تی نوورى مالیكی، له‌ كاركردنى عه‌بادى له‌ماوه‌ى چوار ساڵى ڕابردوودا له‌ناو حكوومه‌ت، ڕازی نین".

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، كه‌ تادێت ناڕه‌زایه‌تییه‌كان زیاد ده‌بن، بۆیه‌ پێده‌چێت عه‌بادى خۆى بڕیارى كشانه‌وه‌ له‌ حزبى ده‌عوه‌ بدات، چونكه‌ ناتوانێت ئه‌ركه‌ حزبییه‌كانى به‌جێ بهێنێت.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، كه‌ سه‌ركرده‌كانى حزبى ده‌عوه‌، به‌رپرسیارێتى دابه‌شبوونى حزبه‌كه‌یان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى ئایارى ڕابردوو، ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆى عه‌بادى.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كه‌ حزبى ده‌عوه‌، پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كان باسى لێوه‌ ده‌كرێت، له‌ناو خۆیدا زۆر یه‌كگرتووه‌ و:"به‌م نزیكانه‌ش چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌ك ده‌به‌ستێت بۆ ئه‌وه‌ى كۆتایی به‌و دۆخه‌ بهێنرێت".

له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، كه‌ له‌ 12ى ئایارى 2018 به‌ڕێوه‌ چوو، حه‌یده‌ر عه‌بادى، به‌ده‌ر له‌ حزبى ده‌عوه‌، كه‌ به‌رپرسی مه‌كته‌بى سیاسی ئه‌و حزبه‌یه‌، لیستێكى پێكهێنا.











باسنيوز
Top