سه‌در به‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌ره‌نگاری ئێران ده‌بێته‌وه‌

سه‌در به‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌ره‌نگاری ئێران ده‌بێته‌وه‌
فشاره‌كانی سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق زیاترده‌بێت، له‌ كاتێكدا ناڕوونی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌، ئایا كاندیدی راسته‌وخۆی ئێرانه‌، یان به‌شێوه‌یه‌كی كه‌م په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ تاران هه‌یه‌ و كاندیدكردنی بۆ ئه‌وه‌یه‌ ناكۆكییه‌كانی نێوان هاوپه‌یمانه‌كانی ئێران له‌ عێراق كۆتایی پێبێت، هه‌ر چه‌نده‌ په‌راوێزێكی بۆ مانۆڕ له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاش جێهێشتووه‌ له‌ پرسی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێدا. به‌ڵام پرسی كاندیدكردنی عادل عه‌بدولمه‌هدی هێشتا هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكای روون نه‌كردووه‌ته‌وه‌و به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه،‌ له‌باره‌ی ئه‌و رێككاره‌ سیاسیانه‌ی بۆ خێرا پێكهێنانی حكومه‌ت له‌ به‌غدا ده‌گیرێنه‌به‌ر.

هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌و میحوه‌ر سیاسییه‌ عێراقییه‌ی ئێران پاڵپشتی ده‌كات له‌ پرسی ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان سه‌ركه‌وتوو بوون و توانییان محه‌مه‌د حه‌لبووسی پارێزگاری پێشووی ئه‌نبار هه‌ڵبژیرن، به‌ڵام ئه‌و زانیاریانه‌ی دزیانكردووه‌ته‌ میدیاكانه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ ده‌ڵێن، عادل عه‌بدولمه‌هدی ئه‌و چانسه‌ی نییه‌ وه‌ك كاندیدی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ به‌هه‌مان شێواز به‌ربه‌سته‌كانی ناو كوتله‌ سیاسییه‌كان و په‌رله‌مان تێده‌په‌ڕێنێ.

به‌ڵام سه‌ركرده‌ سه‌رسه‌خته‌كه‌ "موقته‌دا سه‌در" سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی كاندیدی تایبه‌تی ئه‌وه‌و ده‌یه‌وێت به‌رامبه‌ر فشاره‌كانی ئێران ده‌ستی پێوه‌بگرێت و رێگه‌ له‌ فالح فه‌یاز بگرێت كه‌ كاندیدی هاوپه‌یمانێتی فه‌تحه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری و زۆر نزیكه‌ له‌ تارانه‌وه‌.

چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی عێراقی كه‌ به‌شداریی دانووستانه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراقیان كردووه‌ به‌ رۆژنامه‌ی "العرب" یان گوتووه‌: "نزیكبووه‌ته‌وه‌ تاران به‌ كاندیدكردنی عادل عه‌بدولمه‌هدی كاندیدی سه‌در قایل ببێت و ده‌ست له‌ فالح فه‌یاز هه‌ڵگرێت".

به‌گوێره‌ی لێكدانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ "ئه‌گه‌ر هیچ حاڵه‌تێكی له‌ناكاو نه‌یه‌ته‌ پێشه‌وه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقه‌".

ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ به‌ رۆژنامه‌ی عه‌ره‌بیان گوتووه‌: "ته‌نانه‌ت موقته‌دا سه‌در ئاماده‌یه‌ پاڵپشتی عادل عه‌بدولمه‌هدی بكات و وه‌ك یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی سائیرون حیسابی بكات كه‌ خۆی پاڵپشتیی ده‌كات، هه‌ر چه‌نده‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی نه‌كردووه‌ و له‌ دیمه‌نه‌ حزبی و سیاسییه‌كه‌ی عێراق دووركه‌وتبووه‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی پۆستی وه‌زیری نه‌وتی له‌ حكوومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی جێهێشت و له‌ ساڵی 2005 وه‌ داوای چاكسازی ده‌كرد و پاڵپشتی ئه‌و بزاوته‌ فراوانه‌بوو كه‌ هه‌مان داواكارییان هه‌یه‌".

ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ بۆ رۆژنامه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌یان پشتڕاستكردووه‌ته‌وه‌، ھێشتا تاران سووره‌ له‌سه‌ر كاندیدكردنی فالح فه‌یاز بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌كه‌، به‌ڵام خه‌ریكه‌ دێته‌‌ ژێرباری پاڵپشتی عه‌بدولمه‌هدی".

ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ نه‌جه‌فه‌وه‌ دزیانپێكراوه‌ ده‌ڵێن: "تا ئێستا ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌ ناڕه‌زایه‌تی له‌سه‌ر كاندیدكردنی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌رنه‌بڕیوه‌و وه‌ك كۆتا ده‌رفه‌تی ده‌بینێ".

به‌ڵام هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ش پێیانوایه‌ بێ ده‌نگی سیستانی شتێكی دیكه‌ ده‌ڵێت كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پاڵپشتیكردنی عادل عه‌بدولمه‌هدی نه‌بێت، بۆیه‌ هێشتا ئه‌گه‌ری رووداوی له‌ناكاو هه‌یه‌ و بۆچوونی سیستانی له‌ دیاریكردنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌یه‌.

چاودێران ده‌ڵێن: "عادل عه‌بدولمه‌هدی حه‌زی له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ نییه‌ و پێشتریش ته‌نها به‌هۆی درووستبوونی مشتومڕ له‌سه‌ری له‌لایه‌ن نه‌یارانییه‌وه‌ دوو پۆستی باڵای جێهێشتووه‌، هه‌ر بۆیه‌ لایه‌نگرانی سه‌در پێیانوایه‌ كاتێك ئێران فشار و داواكارییه‌كانی له‌سه‌ری زیاد بكه‌ن به‌تایبه‌تی له‌ پرسی پابه‌ندبوونی عێراق به‌ سزاكانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر تارانه‌وه‌، ده‌ست له‌ كار ده‌كێشێته‌وه‌".

هه‌ر چه‌نده‌ رووداوه‌ خێراكانی عێراق و دیاریكردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكای ناڕوون كردووه‌، به‌ڵام چاودێران پێشبینی ده‌كه‌ن، عادل عه‌بدولمه‌هدی كاندیدێكی قه‌بووڵكراو بێت له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌، چونكه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی دژی كاندیدكردنی هادی عامری بوون كه‌ راسته‌وخۆ ئێران پاڵپشتی ده‌كات، تا ئێستا له‌سه‌ر عه‌بدولمه‌هدی قسه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان نه‌كردووه‌. چونكه‌ هه‌م هادی عامری رۆژی سێشه‌ممه‌ 18/9/2019 ده‌ستی له‌ كاندیدبوونی بۆ پۆسته‌كه‌ هه‌ڵگرت و هه‌م یه‌كلاییبوونه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدی خه‌ریكه‌ نزیكده‌بێته‌وه‌.

به‌ڵام زانیارییه‌كان ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یان تێدایه‌ دیپلۆماسییه‌تی ئه‌مه‌ریكی هێشتا له‌ به‌غدا بۆ پاڵپشتیكردنی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌ستی به‌ جووڵه‌ نه‌كردووه‌ و ناڕه‌زایه‌تیشی ده‌رنه‌بڕیوه‌.

ئه‌گه‌ر ئێران سه‌ركه‌وتوو بێت له‌ دانانی فالح فه‌یاز یان كه‌سێكی دیكه‌ی هاوشێوه‌ له‌و پۆسته‌، ئه‌وكاته‌ هه‌ژموونی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، چونكه‌ تاران ده‌ست به‌سه‌ر هه‌ر دوو ده‌سه‌ڵاتی گرنگی یاسادان و جێبه‌جێكردنی عێراقدا ده‌گرێت و واشنتن ته‌نها پۆستی سه‌رۆككۆماری به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌مێنێت ئه‌ویش تا راده‌یه‌كی زۆر سیمبولیكه‌.

به‌ڵام چاودیران ده‌ڵێن، عادل عه‌بدولمه‌هدی كاندیدی ئێران نابێت، چونكه‌ ئێران ده‌یه‌وێت كه‌سێكی توندڕه‌وی هاوشێوه‌ی فه‌یاز و عامری بباته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی عێراق، به‌ڵام قایل بوونی به‌ عه‌بدولمه‌هدی كه‌ كه‌مترین هاوسۆزی له‌گه‌ڵیان هه‌یه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه‌ "مه‌رگ نیشانی ئه‌مه‌ریكا بدات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ له‌رز و تا قایل بێت".

عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ فه‌ڕه‌نسا خوێندوویه‌تی و وڵاتینامه‌ی ئه‌وێشی هه‌یه‌، ژیانێكی سیاسی ژێر و ژووری هه‌بووه‌ ‌و دواجار خستییه‌ ناو بازنه‌ی هه‌ژمونی تائیفه‌گه‌ری دوای ئه‌وه‌ی ‌چووه‌ ژێر ره‌شماڵی حه‌كیمه‌وه‌.

چاودێرێكی سیاسی گوتوویه‌تی: "عادل عه‌بدولمه‌هدی ئه‌و پیاوه‌ به‌هێزه‌ نییه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پشتی پێ ببه‌ستێت، ئه‌گه‌ر چانسی ئه‌وه‌ی بۆ ره‌خسا ئه‌مه‌ریكا پاڵپشتی بكات، ئه‌وه‌ واتای ئه‌وه‌یه‌ واشنتن پلان بۆ ئه‌وه‌ داده‌نێت عێراقیش بكاته‌ ئامانجێكی ناوه‌ندی له‌ سزادانی ئێران و ئه‌وه‌ش پرسێكه‌ عێراق رووبه‌ڕووی گری كوێره‌یه‌كی دیكه‌ ده‌كاته‌وه‌".



K24
Top