هادی عامری له سەرۆکایەتیی حکوومەتی عێراق کشانەوەی خۆی لە رکابەرییەکە راگەیاند

 هادی عامری له سەرۆکایەتیی حکوومەتی عێراق کشانەوەی خۆی لە رکابەرییەکە راگەیاند
کاندیدێکی بەهێزی سەرۆکایەتیی حکوومەتی عێراق کشانەوەی خۆی لە رکابەرییەکە راگەیاند.



رۆژی سێشەممە 18/9/2018، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح (حەشدی شەعبی) لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە بەغدا رایگەیاند، لە رکابەریکردن لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، کشاوەتەوە.



هادی عامری هەروەها رایگەیاندووە، واز هێنانی لە کاندیدبوون بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی بە مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانیش گەیاندووە و ئەویش رەزامەندیی لەسەر دەربڕیوە.



کشانەوەی عامری لەکاتێک دایە، زۆرینەی کوتلە و هاوپەیمانییەکان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی، عادل عەبدولمەهدی، سەرکردەی دیاری شیعەکان ببێتە سەرۆکی حکوومەتی نوێی عێراق.



هادی عامری سەرۆکی میلیشیای بەدر و جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبییە. سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی فەتحی کرد، کە میلیشیاکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێکیان هێنا.



رۆژی شەممە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا و رۆژی 19/8/2018ش دادگای فیدڕالیی عێراق ئەنجامەکەی پەسەند کرد.



هاوپەیمانیی و لیستە براوەکان:



- هاوپەیمانیی سائیرون بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر، 54 کورسی

- هاوپەیمانیی فەتح (حەشدی شەعبی) بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، 47 کورسی

- هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی، 42 کورسی



- لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، 25 کورسی

- هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نوری مالیکی، 25 کورسی

- ئیئتیلافی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەللاوی، 21 کورسی



- رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەمار حەکیم، 19 کورسی

- لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، 18 کورسی

- هاوپەیمانیی قەرار بە سەرۆکایەتیی ئوسامە نوجەیفی، 14 کورسی



بەپێی تەوافوقی سیاسیی عێراق، کە لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003ـەوە پەیڕەو دەکرێ، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بۆ کوردە، سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی عەرەبی سوننە و سەرۆکایەتیی حکوومەتیش بۆ پێکهاتەی عەرەبی شیعەیە.




باسنیوز
Top