ئێران چه‌ند وڵاتێك تۆمه‌تبار ده‌كات و چاوه‌ڕێی ڕاپۆرتى كۆتاییه‌ له‌ عێراق

 ئێران چه‌ند وڵاتێك تۆمه‌تبار ده‌كات و چاوه‌ڕێی ڕاپۆرتى كۆتاییه‌ له‌ عێراق
گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران، ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌، ڕه‌تیكرده‌وه‌ قاسم سوله‌یمانى له‌گه‌ڵ برێت مه‌كگۆرك، كۆ بووبێته‌وه‌.

به‌هرام قاسمی، گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران، له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا، له‌باره‌ى هه‌واڵى كۆبوونه‌وه‌ى قاسم سوله‌یمانى، فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌قى قودسی ئێرانى و برێت مه‌كگۆرك، نێرده‌ى سه‌رۆكى ئه‌مریكا بۆ لاى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژ به‌داعش، كه‌ له‌ میدیاكانى عێراقدا بڵاو بووه‌وه‌، ڕای گه‌یاند: "ئه‌و هه‌واڵه‌ ڕاست نییه‌".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، له‌باره‌ى سوتاندنى كونسوڵخانه‌ى ئێران له‌ به‌سره‌، قاسمی گوتی: "ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق ژماره‌یه‌ك له‌ ئاژاوه‌گێڕانیان ده‌ستگیر كردووه‌، كه‌ ده‌ستیان له‌ سووتاندنى كونسوڵخانه‌كه‌مان هه‌یه‌".

هه‌روه‌ها گوتیشی: "ناتوانین ئێستا ورده‌كارییه‌كان ئاشكرا بكه‌ین، به‌ڵام به‌رپرسان و حكوومه‌ت و گه‌لى عێراق، نیگه‌رانن له‌وه‌ى ڕووی دا و، هه‌وڵى زۆریشیان دا ڕێگرى لێبكه‌ن".

ئه‌وه‌شى ئاشكرا كرد، كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ گومانیان هه‌بووه‌، چه‌ند وڵاتێك ده‌ستیان له‌ ڕووداوى سووتاندنى كونسوڵخانه‌كه‌ هه‌بێت، گوتیشی: "به‌ڵام نه‌یانتوانى ئامانجه‌كه‌یان بپێكن، چاوه‌ڕێش ده‌كه‌ین حكوومه‌تى عێراق ڕاپۆرتێكمان پێشكه‌ش بكات، گه‌ر بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ شیاو بوو، ئه‌وكات ڕای ده‌گه‌یه‌نین".










باسنيوز
Top