هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ى مالیكی و عامرى كاندیدی سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئاشكرا ده‌كه‌ن

 هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ى مالیكی و عامرى كاندیدی سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئاشكرا ده‌كه‌ن
هاوپه‌یمانێتى "بینا" به‌سه‌رۆكایه‌تی هادى عامرى و نوورى مالیكی، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 17/ 9/ 2018، ناوى ئه‌و كاندیده‌ى ئاشكرا كرد، كه‌ نزیك بووه‌ته‌وه‌ له‌ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران.

عامر فایز، سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌، ڕايگه‌یاند: "عادل عه‌بدولمه‌هدی، تائێستا زۆرترین چانسى هه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كه‌ عه‌بدولمه‌هدى جێگه‌ى ڕه‌زامه‌ندى هه‌ردوو لیستى (فه‌تح) و (سائیروون)ـه‌، گوتیشی: "نه‌ك هه‌ر ئه‌و دوو لایه‌نه‌، به‌ڵكو لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كورد و سونه‌كانیش ڕه‌زامه‌ندن، بۆیه‌ گه‌ر به‌شێوه‌ى فه‌رمى كاندید بكرێت، پشتیوانییه‌كى فراوانى لێده‌كرێت و پۆسته‌كه‌ وه‌رده‌گرێت".

رۆژی دووشەممە 17/9/2018 سەرچاوەیەکی سیاسیی عێراقی بە ماڵپەڕی (شەفەق نیوز)ی راگەیاندووە، عادل عەبدولمەهدی نامەیەکی بۆ ژمارەیەک سەرکردەی سیاسیی وڵاتەکەی ناردووە و هەڵوێستەکەی ئاشکرا کردووە.

عادل عەبدولمەهدی لە نامەکەدا ویستی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکوومەتی عێراق نیشان داوە و رایگەیاندووە، ئەوانەی دژایەتیی ئەو دەکەن، بریتین لە گەندەڵەکان، دزەکان و بکوژەکان.

چەند رۆژێکە باس لە دیاریکردنی عادل عەبدولمەهدی وەک سەرۆکی حکوومەتی نوێی عێراق دەکرێت، دوای ئەوەی حزبەکان پاش چەند مانگێک، لە دیاریکردنی کەسایەتییەک نەگەیشتنە رێککەوتنێک.

پێشتریش، موقته‌دا سه‌در، سه‌رۆكى لیستى سائیروون، له‌پشتیوانیكردنى حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكى لیستى نه‌سڕ بۆ وه‌رگرتنى ویلایه‌تى دووه‌م، كشایه‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌دواى خۆپیشاندانه‌كانى به‌سڕه‌ و ڕه‌تكردنه‌وه‌ى عه‌بادی و سه‌رجه‌م سه‌ركرده‌ تاقیكراوه‌كان له‌لایه‌ن عه‌لى سیستانى، مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه‌كانه‌وه‌.












باسنيوز
Top