ماجیدە تەمێمی: محەمەد ئەلحەلبوسی بە 30 ملیۆن دۆلار، دەنگی پەرلەمانتارانی کڕی بۆ ئەوەی دەنگی پێ بدەن و ببێتە سەرۆکی پەرلەمان.
رۆژی شەممە 15/9/2018، لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا، محەمەد حەلبوسی، کاندیدی (کوتلەی حەل) بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.
ماجیدە تەمێمی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سائیرون بە کەناڵێکی وڵاتەکەی راگەیاندووە، محەمەد حەلبوسی بە زەبری پارە دابەشکردن و ”کڕینی ویژدان“، بووە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ئەو پرۆسەیەش ”شەرمەزاری“ بوو بۆ هەموو پەرلەمانتاران.
ماجیدە تەمێمی هەروەها رایگەیاندووە، بە چاوی خۆی بینیویەتی و وێنەی پرۆسەکەی گرتووە، کە تێیدا پەرلەمانتارەکان دەنگی خۆیان نیشانی ئەحمەد جبوری، پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدین دەدا و ئەویش دوای بینینی دەنگەکە، وێنەیەکی دەگرت و دواتریش ناوی پەرلەمانتارەکەی دەنووسی.
دوای هەڵبژاردنی محەمەد حەلبوسی بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، چەندین بەرپرسی عێراقی رایانگەیاند، کە حەلبوسی بە 30 ملیۆن دۆلار، دەنگی پەرلەمانتارانی کڕی بۆ ئەوەی دەنگی پێ بدەن و ببێتە سەرۆکی پەرلەمان.
باسنيوز