پەرلەمانتارانی پارتی و سائیرون دەگەڕێنەوە هۆڵی پەرلەمانی عێراق
پێش نیوەڕۆی رۆژی شەممە 15/9/2018، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و دوو جێگرەکەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەستی پێ کرد.
پێکهاتەی سوننەمەزهەب چەند کاندیدێکی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان هەبوو، پەرلەمانتارانی ئەو سێ لیستە لە پەرلەمان کشانەوە و رایانگەیاند، ئەوان نابنە لایەک لە یەکلاکردنەوەی کاندیدی سوننەکان.
دوای کشانەوەی زۆربەی کاندیدەکان و مانەوەی محەمەد حەلبوسی و ئوسامە نوجەیفی بە تەنیا، پەرلەمانتارانی پارتی، هاوپەیمانیی سائیرون و بەرەی تورکمانی گەڕانەوە هۆڵی دانیشتنەکە.
بەپێی زانیارییەکان، مەلا بەشیر حەداد، پەرلەمانتاری پارتی کاندیدی پارتییە بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
رۆژی شەممە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا و رۆژی 19/8/2018ش دادگای فیدڕالیی عێراق ئەنجامەکەی پەسەند کرد.
هاوپەیمانیی و لیستە براوەکان:
- هاوپەیمانیی سائیرون بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر، 54 کورسی
- هاوپەیمانیی فەتح (حەشدی شەعبی) بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، 47 کورسی
- هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی، 42 کورسی
- لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، 25 کورسی
- هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نوری مالیکی، 25 کورسی
- ئیئتیلافی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەللاوی، 21 کورسی
- رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەمار حەکیم، 19 کورسی
- لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، 18 کورسی
- هاوپەیمانیی قەرار بە سەرۆکایەتیی ئوسامە نوجەیفی، 14 کورسی
بەپێی تەوافوقی سیاسیی عێراق، کە لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003ـەوە پەیڕەو دەکرێ، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بۆ کوردە، سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی عەرەبی سوننە و سەرۆکایەتیی حکوومەتیش بۆ پێکهاتەی عەرەبی شیعەیە.