بۆ مانه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵات عه‌بادی مه‌رجه‌كانی ئه‌مه‌ریكا جێبه‌جێ ده‌كات

بۆ مانه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵات عه‌بادی مه‌رجه‌كانی ئه‌مه‌ریكا جێبه‌جێ ده‌كات
په‌رله‌مانتارێكی ده‌وڵه‌تی یاسای نووری مالیكی ده‌ڵێت: "حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر مه‌رجه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌ربڕیوه‌ بۆ دامه‌زراندنی بنكه‌ی سه‌ربازی و درووستكردنی گه‌وره‌ترین كونسوڵگه‌ری ئه‌مه‌ریكا له‌ جیهان، ئه‌وه‌ش له‌ پێناو ئه‌وه‌ی بۆ ویلایه‌تی دووه‌م بكرێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆكوه‌زیران".

عه‌بدولهادی موحان، په‌رله‌مانتاری ده‌وڵه‌تی یاسا، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ گوتوویه‌تی: "ئه‌مه‌ریكا فشاری خستووه‌ته‌ سه‌ر كوتله‌كان و په‌رله‌مانتاران بۆ ئه‌وه‌ی پاڵپشتی حه‌یده‌ر عه‌بادی بكه‌ن و بۆ خولی دووه‌م گڵۆپی سه‌وزی بۆ هه‌ڵبكرێت. ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت عه‌بادی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بنكه‌ سه‌ربازییه‌كان و هێزه‌كانیان له‌ عێراق بمێننه‌وه‌".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "كونسوڵگه‌ری ئه‌مه‌ریكا له‌ كوردستان، له‌سه‌رده‌می عه‌بادیدا دامه‌زراوه‌، ئه‌وه‌ی قه‌بووڵكراو نییه‌ به‌تایبه‌تی به‌و رووبه‌ره‌ی كه‌ راگه‌یێنراوه‌ كه‌ كونسوڵگه‌رییه‌كه‌ی له‌سه‌ر درووست ده‌كرێت، چونكه‌ درووستكردنی كونسوڵخانه‌ به‌و رووبه‌ره‌ فراوانه‌ ناكرێت قه‌بووڵ بكریت و پێده‌چێت بكرێته‌ ناوه‌ندی ئۆپراسیۆنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا ئه‌وه‌شی گوتووه‌: "حه‌یده‌ر عه‌بادی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر سه‌رجه‌م مه‌رجه‌كانی ئه‌مه‌ریكا داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خولی دووه‌می سه‌رۆكوه‌زیرانی ده‌ستبكه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ وڵات به‌ره‌و وێرانكاری ده‌بات به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی روویدا له‌ ناچه‌كانی باشووری وڵات".

موحان ده‌ڵێت: "به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش پاش ئه‌وه‌ی مه‌رجه‌عییه‌تی باڵا بۆچوونی خۆی له‌سه‌ر كاندیده‌كانی ئه‌و پۆسته‌ ده‌ربڕی، ده‌ستنیشانكردنه‌وه‌ی عه‌بادی بۆ ئه‌و پۆسته‌ ئه‌سته‌مه‌ و بۆ هه‌موو لایه‌ك روون بووه‌ته‌وه‌".






K24
Top