یونامی داوای بەشداریی پێکردنی ئافرەتان دەکات لە حكومەتی نوێی عێراقی عەرەبی شیعە
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھاریکاری عێراق، ئەمڕۆ لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە پێداگری دەکات لەسەر بەشداری کارای ئافرەتان لە دانوستانەکانی پێکھێنانی حکومەت، و وەرگرتنی پۆستی وەزاری کاریگەر لە حکومەتی داھاتوودا.
ھەروەھا ئاماژەیکردووە بەوەی "گروپی چاڵاکوانان کە دوو ئەندامی پیاوی شارەزا لە بواری مافی ئافرەتانی لەخۆگرتبوو، دڵنیاییان لە کاربەدەستانی یونامی وەرگرت بۆ پاڵەپەستۆ خستنەسەر سەرکردە سیاسییەکان بۆئەوەی بەشداریپێکردنی ئافرەتان لە پرۆسەی سیاسی کاری لەپێشینەیان بێت کە ئەمەش ھەڵوێستی ھەمیشەیی سەرکردایەتیی یونامی بووە."
دوای کۆبوونەوەکە، یان کوبیش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق، ڕایگەیاندووە بەشداریکردنی کارایانەی ئافرەتان لە پرۆسەی سیاسی بەواتای سەرکەوتنی دیموکراسییە لە عیراق و تێگەیشتنە لە بیرۆکەی حکومەتێکی گشتگر کە نوێنەرایەتی ھەمووان بکات و خزمەتی پێویستیی و بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی بکات.
داواشی لە سەرکردە سیاسییەکان کردووە کە "بەربژێرکردنی ئافرەتان لەبەرچاوبگرن بۆ پۆستی باڵا، و خاوەن ھێزی دروستکەری سیاسەت و بڕیار بە ڕۆڵی سەرۆکی پەڕلەمان و جێگرەکانیشیەوە لە ئەنجومەنی نوێی نوێنەراندا. ھەروەھا بەڕێزیان داوا لە سەرکردە سیاسییەکان دەکات کە دڵنیایان بکەنەوە بەوەی لیستی بەربژێرەکانیان بۆ پۆستەکانی کابینەی داھاتوو ئافرەتانیش لەخۆدەگرێت."
کوبیش بەھەمان شێوە داوا لە ئەندامانی تازە ھەڵبژێردراوی پەرلەمان کردووە چوارچێوەیەکی یاسایی بدۆزنەوە بۆ پرۆژە یاسایەکی یەکسانی جێندەری کە دڵنیایی بدات بە دەستەبەرکردنی لانیکەم کۆتای لە سەدا بیست و پێنج بۆ بەشداریپێکردنی ئافرەتان لە حکومەتی نوێدا.
باسنیوز