مالیكی: چه‌ته‌ ئاژاوه‌گێڕه‌كان به‌ ئازادی له‌ به‌سره‌ ده‌سووڕێنه‌وه‌

مالیكی: چه‌ته‌ ئاژاوه‌گێڕه‌كان به‌ ئازادی له‌ به‌سره‌ ده‌سووڕێنه‌وه‌
ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 8/9/2018 نووری مالیكی، ئه‌مینداری گشتی حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی و سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا رایگه‌یاند: "چه‌ته‌ ئاژاوه‌گێر و سووتێنه‌ره‌كان به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌میی ده‌زگا‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ به‌ ئازادانه‌ له‌ به‌سره‌دا جووڵه‌ ده‌كه‌ن و ده‌سووڕێنه‌وه‌".

مالیكی له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر نوسیوویه‌تی: "جووڵه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ھێنده‌ خاوه‌ و زه‌مینه‌ی بۆ چه‌ته‌كانی سووتاندن و ئاژاوه‌گێری ره‌خساندووه‌ به‌ ئازادی ته‌واوه‌وه‌ بسوورێنه‌وه‌، ئه‌مڕۆ ده‌ستیان به‌ جووڵه‌ كردووه‌ بۆ رێگه‌گرتن له‌و چه‌تانه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان رێگه‌یان له‌و چه‌ته‌ گێره‌شێوێن و میلیشیا هه‌ڵگه‌ڕاوانه‌ گرتبێت".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "كاتێك هاووڵاتیانی به‌سره‌ بێ هیوا ده‌بن له‌ پارێزگاریی لیكردنیان له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌، ئیتر پشت به‌ خۆیان ده‌به‌ستن و ده‌توانن رێگه‌ له‌ چه‌ته‌ و میلیشیای حزبه‌ هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كان بگرن و ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی ماونه‌ته‌وه‌ ده‌پارێزن".

رۆژی 7/8/2018 هه‌زاران خۆپیشانده‌ری پارێزگای به‌سره‌ رێگای به‌نده‌ری ئوم قه‌سر و رێگای كیڵگه‌ی نه‌وتی قوڕنه‌یان داخست كه‌ كۆمپانیای لوك ئۆیه‌ل كاری تێدا ده‌كات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش باره‌گای ژماره‌یه‌ك حزب و میلیشیای چه‌كداری سه‌ر به‌ ئێران و كونسوڵخانه‌ی ئێرانیان له‌ شاری به‌سره‌ سووتاند.

به‌گوێره‌ی دوایین ئاماری نه‌حۆشختانه‌كانی پارێزگاكه‌، 3 هاووڵاتی له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ كوژراوون و نزیكه‌ی 20 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.

ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ خه‌ڵكی پارێزگای به‌سره‌ به‌شێوازی جۆراوجۆر ناڕه‌‌زایی دژی نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ژیان ده‌رده‌بڕێن و ده‌ڵێن: "ته‌نانه‌ت ئاوی خواردنه‌وه‌یان نییه‌ و ئاوی سوێر ده‌خۆنه‌وه‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ نه‌خۆشی و په‌تا له‌ پارێزگاكه‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌".

هه‌روه‌ها نه‌بوونی كاره‌با و ده‌رفه‌تی كار به‌رۆكی خه‌ڵكی پارێزگای به‌سره‌ی گرتووه‌و له‌ دوێنێشه‌وه‌ خۆپیشاندانه‌كان زیاتر و خۆپیشانده‌ران تووڕه‌تر بوون و به‌و هۆیه‌وه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌توندی به‌ره‌نگاریان بوونه‌ته‌وه‌و چه‌ندین خۆپیشانده‌ر كوژراوون و بریندار بوون.








K24
Top