ئاگری تووڕه‌یی خه‌ڵكی بەسڕە كونسوڵخانه‌ی ئێرانیشی وه‌ك باره‌گاكانی ئه‌و گرووپ و هێزانه سووتاند كه سه‌ر به رژێمی ئێرانن
سووتاندنی ئاڵای ده‌وڵه‌تێكی دراوسێ و سیمبۆله‌كانی رژێمه‌كه‌ی و چوونه ناو نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماسی یه‌كێك له یاریزانه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی مه‌یدانی عێراقی كه ئێرانه، گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌یه له خۆپیشاندانه‌كانی به‌سره‌دا كه بڵێسه‌كه‌ی به‌هۆی نه‌بوونی ئاو و كاره‌با و بێكاری و گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق هه‌ڵگیرسا و به‌هۆی ئاوی پیس و سوێراویش زیاتر له 30 هه‌زار كه‌س ژه‌هراویی بوون.
درووشمه‌كانی خۆپیشانده‌ران له داواكردنی كاره‌با و ئاوی شیرینه‌وه گۆڕا بۆ "ئێران بۆ ده‌ره‌وه" و پێیانوایه ئێران رۆڵێكی سه‌ره‌كی و خراپی له نه‌هامه‌تییه‌كانی عێراق و پارێزگاكه‌یاندا هه‌یه.
هه‌ر چه‌نده ئه‌وه جاری یه‌كه‌م نییه خۆپیشانده‌ران سه‌ركۆنه‌ی گرووپ و پارته‌كانی سه‌ر به ئێران ده‌كه‌ن و به گه‌نده‌ڵی و فرۆشتنی عێراق تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن و هه‌ڵده‌كوتنه سه‌ر باره‌گاكانیان وه‌ك ئه‌وه‌ی رۆژی هه‌ینی رابردوو كردیان، به‌ڵام هێرش و سووتاندنی كونسوڵخانه‌ی ئێران و ئاڵا و وێنه‌ی رێبه‌ری ئه‌و وڵاته بۆ خه‌ڵكی شیعه‌مه‌زهه‌بی ئه‌و پارێزگایه پێشهاتێكی نوێیه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشی پێشتریش وێنه‌ی "ئیمام خومه‌ینی" له‌سه‌ر شه‌قامێكی پارێزگاكه كرابووه ئامانجی خۆپیشانده‌رانی به‌سره.
هه‌فته‌ی رابردوو خۆپیشانده‌ره توڕه‌كانی به‌سره ئاگریان به‌ردایه باره‌گای ژماره‌یه‌ك پارت و گرووپی میلیشیا كه زۆرینه‌یان سه‌ر به ئێرانن و 20 باره‌گایان سووتاند، له پێش هه‌موویانه‌وه باره‌گاكانی حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی بوو كه حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی ماوه‌به‌سه‌رچوویش سه‌ر به‌و حزبه‌یه و له‌لایه‌ن نووری مالیكی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت.
هه‌روه‌ها خۆپیشانده‌ران باره‌گای گرووپه چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبیشیان سووتاند، له‌وانه باره‌گاكانی رێكخراوی به‌در كه هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح ئه‌مینداری گشتییه‌تی. هاوكات باره‌گاكانی عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌ق به رێبه‌رایه‌تی قه‌یس خه‌زعه‌لی و كه‌تیبه‌كانی حزبوڵلای عێراق و بزووتنه‌وه‌ی وه‌فادارانیش كرانه ئامانج.
ئه‌وانه‌ی چاودێری و بایه‌خ به كاروباری عێراق ده‌ده‌ن پێیانوایه، ئه‌و پێشهاتانه بزاوتێكی هه‌ڕه‌مه‌كییه و هۆكاره‌كه‌ی ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئه‌و هێز و لایه‌نانه‌یه، به‌تایبه‌تی ئێران زۆر به چڕی ده‌ستوه‌ران له كاروباری ناوخۆی عێراق ده‌كات و هێز و گرووپه‌كان به ئاره‌زوو و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی ده‌جووڵێنێ، هه‌ر ئه‌وه‌شه خۆپیشاندانی له پارێزگاكانی باشووری عێراق درووستكردووه‌و خۆپیشانده‌رانی تووڕه كردووه".
خۆپیشانده‌رانی به‌سره ده‌یانه‌وێت پارێزگاكه‌یان و ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان له‌و پارتانه خاڵی بكرێنه‌وه كه له پشت گه‌نده‌ڵی و فرۆشتنی عێراقه‌وه‌ن و كار بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌جێندای ده‌ره‌كی ده‌كه‌ن. له‌وانه‌یه هه‌ر ئه‌وه‌ش وای له خۆپیشانده‌ران كردبێت هێرش نه‌كه‌نه سه‌ر باره‌گای ئه‌و لایه‌نانه‌ی دیكه كه له ئێرانه‌وه نزیك نین و دژی ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئێران وه‌ستاونه‌ته‌وه.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا پێشهاته‌كان وابه‌سته‌ی پرۆسه‌ی سیاسی عێراقن به‌تایبه‌تی به‌هۆی ئه‌و كوتله‌به‌ندییه‌ی هێزه‌كانی نزیك له ئێران بۆ پێكهێنانی كوتله گه‌وره‌كه‌ی په‌رله‌مان و پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ ده‌یكه‌ن، ئه‌وانه‌یان له تاران نزیكن و له‌لایه‌ن نووری مالیكی و هادی عامری سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێن كه هه‌ر دووكیان به "پیاوی ئێران له عێراق" ناسراوون.
له به‌رامبه‌ر ئه‌و رووداوه به‌رده‌وامانه‌دا میلیشیا چه‌كداره‌كانی سه‌ر به ئێران بێده‌نگ نه‌بوون و به‌رده‌وام به‌ئاشكرا ده‌ركه‌وتوون، ته‌نانه‌ت خۆیان له پێش دامه‌زراوه ئه‌منییه فه‌رمییه‌كانی عێراقه‌وه ده‌بینن و میلیشیاكانی عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌ق به‌رنگاری خۆپیشانده‌ران بوونه‌وه‌و ژماره‌یه‌كیان كووشت و بریندار كرد.
كاردانه‌وه‌ی عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌ق ئه‌وه روونده‌كاته‌وه كه ئه‌و پێشهاتانه‌ی رووده‌ده‌ن كاریگه‌رییان له‌سه‌ر میلیشیا چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی نابێت كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن.
هه‌روه‌ها هاوپه‌یمانێتی فه‌تح به سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری كه زۆرترین میلیشیا چه‌كداره‌كانی شیعه له خۆده‌گرێت و سه‌ر به ئێرانن، نایانه‌وێت ئه‌م ده‌رفه‌ته له ده‌ست بده‌ن و له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان بۆ شكستهێنان به هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی سه‌در و عه‌بادی كه له هه‌وڵی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێدان، كه‌ڵكی لێوه‌ربگرن.
ته‌نانه‌ت ئۆباڵی كه‌مته‌رخه‌می و نه‌هامه‌تی و گه‌نده‌ڵییه‌كانی پارێزگای به‌سره‌یان داوه‌ته پاڵ حكوومه‌تی عێراقی و داوایان له سه‌رۆكوه‌زیران كردووه به‌خێرایی ده‌ست له كار بكێشێته‌وه، چونكه به گووته‌ی ئه‌وان له ئیداره‌دانی سه‌رجه‌م دۆسیه‌كانی وڵات‌دا شكستێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێناوه.
K24 -