بە مووشەک هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی بەسرە
رۆژی شەممە 8/9/2018، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرەی سوپای عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە سنووری پارێزگاکە هەڵگیراوە و هاتوچۆ ئاسایی دەبێتەوە.
بڕیارەکە دوای ئاڵۆزتربوونی بارودۆخی بەسرە و سووتاندنی کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەسرە، لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرەوە درابوو.
هەر ئەمڕۆ (شەممە) میدیا عێراقییەکان باسیان لەوە کردووە، کە چەکدارانی نەناسراو بە چوار مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە و تا ئێستا زیانە گیانی و مادییەکانی نەزاندراوە.
رۆژی هەینی 7/9/2018، خۆپیشاندەرانی بەسرە کونسوڵخانەی ئێرانیان سووتاند و هوتافیان دژی هەژموونی ئەو وڵاتە لە عێراق، دەکێشا.
ئەو خۆپیشاندانانە لە ناوەڕاستی مانگی 7ـی ئەمساڵەوە دژی نەبوونی ئاوی خواردنەوە، کارەبا دەستیان پێ کرد، بەڵام حکوومەت و میلیشیا عێراقییەکان لە بری دابینکردنی داوا رەواکانیان، بە گوللە وەڵامیان دەدەنەوە.
باسنيوز