حکوومەتی عێراق هاتوچۆ لە بەسرە قەدەغە دەکات

 حکوومەتی عێراق هاتوچۆ لە بەسرە قەدەغە دەکات
بە فەرمانی حکوومەت، سوپای عێراق هاتوچۆ لە شاری بەسرەی باشووری وڵاتەکەی قەدەغە دەکات.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرەی سوپای عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، لە کاتژمێر 3ـی دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 6/9/2018ـەوە تا کاتێکی نادیار، هاتوچۆ لە سەنتەری پارێزگای بەسرە و هەموو شارۆچکەکانی پاریزگاکە قەدەغەیە.

قەدەغەکردنی هاتوچۆ بۆ رێگرتنە لە خۆپیشاندانی خەڵکی پارێزگاکە دژی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیان، وەک ئاوی خواردنەوە.

رۆژی چوارشەممە 5/9/2018، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا بۆ خەڵکی بەسرە، ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بەکارهێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران دەربڕی و داواشی لە خۆپیشاندەران کرد ئارامیی خۆپیشاندانەکانیان بپارێزن.

دوای ئەو پەیامەی سەرۆک بارزانی، هاووڵاتییانی بەسرە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێڕای سوپاسکردنی سەرۆک بارزانی، داوای لێبووردنیان لە بارزانی و گەلی کوردستان کردووە، کە ماوەیەک دژی سەربەخۆیی کوردستان بوون و ئاماژەیان بەوە کردووە، کە گەلی کوردستان مافی خۆیەتی لە عێراق جیابێتەوە.

لە ناوەڕاستی مانگی 7ـی 2018ـەوە، هاووڵاتییانی بەسرە و دواتریش شارەکانی دیکەی باشووری عێراق دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی ئاوی شیرین و کارەبا و بێکاریی گەنجان، خۆپیشاندان دەکەن.

بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێز و میلیشیا عێراقییەکانیشەوە، نزیکەی یەک هەزار خۆپیشاندەر کوژراون و بریندار بوون، جگە لە دەستگیرکرانی سەدانی دیکە.

پێشتر دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەک ئەرکێکی مرۆیی، یەک ملیۆن و 300 هەزار لیتر ئاوی خواردنەوەی بە بارهەڵگر بۆ خەڵکی بەسرە نارد و لەڕێی فڕۆکەخانەشەوە هاوکاریی و پێویستییە سەرەکییەکانی ژیان، بۆ ئەو خەڵکە دەنێرێت.

بەسرە کەوتووەتە باشووری عێراق، بە یەکێک لە شارە هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهان لە رووی سامانی سروشتییەوە دادەنرێت و شادەماری ئابووریی عێراقە، بەڵام حکوومەتی ئەو وڵاتە تەنانەت ئاوی خواردنەوەشی بۆ ئەو خەڵکە دابین نەکردووە.










باسنيوز
Top