ميليشياكانى حه‌شد هه‌ڕه‌شه‌ى ده‌ستوه‌ردان له‌ پرۆسه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت ده‌كه‌ن

ميليشياكانى حه‌شد هه‌ڕه‌شه‌ى ده‌ستوه‌ردان له‌ پرۆسه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت ده‌كه‌ن


ژماره‌يه‌ك گرووپى ميليشياكانى حه‌شدى شه‌عبى هۆشداريان دا، سه‌باره‌ت به‌ "پيلانگێڕييه‌كى ئه‌مه‌ريكا و سعوودييه‌ بۆ پێكهێنانى حكومه‌تێكى لاواز له‌ عێراقدا".
، ئه‌و گرووپه‌ ميليشيايانه‌ رايانگه‌ياندووه‌، "ئێمه‌ له‌و په‌ڕى ئاماده‌باشيدا ده‌بين بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ى ده‌ستتێوه‌ردانى ده‌ره‌كى".

هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌شيان كردووه‌، ئه‌گه‌ر پێويست بكات ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروبارى سياسى ده‌كه‌ن و له‌ به‌ياننامه‌كه‌ياندا هاتووه‌: "له‌ هه‌ر چركه‌ساتێكى گونجاودا ده‌ستوه‌ردان ده‌كه‌ين بۆ داماڵينى پيلانگێڕه‌كان له‌ ئامرازه‌كانى به‌رده‌ستيان".

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى به‌ياننامه‌كه‌دا، ئه‌و گرووپانه‌ هۆشداريان داوه‌ته‌ حزبى ده‌عوه‌ و رايانگه‌ياندووه‌، "پێويسته‌ حزبى ده‌عوه‌ سنوورێك بۆ ره‌فتارى نابه‌رپرسانه‌ى هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌كانى دابنێت، كه‌ به‌شدارى له‌ پيلانگێڕييه‌ ده‌ره‌كييه‌كان ده‌كه‌ن".

ئه‌و گرووپانه‌ داواشيان له‌ موقته‌دا سه‌در، رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در كردووه‌، به‌ په‌يامێك به‌رپه‌رچى ئه‌و پيلانگێڕيانه‌ بداته‌وه‌.

هاوكات ميليشياكان، مه‌رجه‌عيه‌تى شيعه‌كانيان به‌ "زامنى سه‌قامگيرى و په‌ناگه‌ى عێراقييه‌كان" وه‌سفكردووه‌.

ئه‌و گرووپانه‌ى واژوويان له‌سه‌ر به‌ياننامه‌كه‌ كردووه‌، پێكهاتوون له‌ (رێكخراوى به‌در، كه‌تيبه‌كانى حزبوڵڵا، بزووتنه‌وه‌ى جيهاد و بنياتنان، بزووتنه‌وه‌ى عه‌سائيبى ئه‌هلى حه‌ق، كه‌تيبه‌كانى سه‌يدولشوهه‌دا، بزووتنه‌وه‌ى جندولئيمام، بزوتنه‌وه‌ى ئه‌نساروڵڵا، سريه‌كانى عاشورا، سريه‌كانى ئه‌نسارى عه‌قيده‌، سريه‌كانى خوراسانى، كه‌تيبه‌كانى ئيمام عه‌لى)
Top