ئه‌مڕۆش 10 كه‌سی دیكه‌ له‌ شاری به‌سره‌ بریندار بوون

ئه‌مڕۆش 10 كه‌سی دیكه‌ له‌ شاری به‌سره‌ بریندار بوون


ئه‌مرۆ ش جارێكی دیكه‌ی خه‌ڵكی شاری به‌سره‌ ده‌ستیان به‌ خۆپیشاندان كرده‌وه‌ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان روویدا، له‌ ئه‌نجامدا زیاتر له‌ 10 كه‌س برینداربوون.

سایتی غه‌دپرێس بڵاویكرده‌وه‌، "دوای ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان روویداوه‌، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆمبی سووتێنه‌ریان له‌ دژی خۆپیشانده‌ران به‌كارهێناوه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ زیاتر له‌ 10 كه‌س به‌ئاستی جیاواز برینداربوونه‌ و ژماره‌یه‌كیشیان به‌هۆی دووكه‌ڵی سووتێنه‌ر و گازی فرمێسكڕێژه‌وه‌ تووشی كیشه‌ی هه‌ناسه‌دان بوونه‌ته‌وه‌".

وه‌ك راشگه‌یه‌ندراوه‌، ئه‌مرۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ژماره‌یه‌كی زۆری بۆمبی فرمێسكڕێژیان بۆ بڵاوه‌پێكردنی خۆپیشانده‌رانی به‌رده‌م دیوانی پارێزگا به‌كارهێناوه.

دوێنێ به‌ هه‌زاران خۆپیشانده‌ر به‌هۆی نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری وه‌ك ئاو و كاره‌با و بڵاوبوونه‌وه‌ی بێكاری و وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ی حكوومه‌ت بۆ ئه‌و داواكاریانه‌ی پێشتر پێشكه‌شیان كردبوون، هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر دیوانی پارێزگا و ئاگریان تێ به‌ردا، له‌ئه‌نجامدا هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌چه‌ك رووبه‌ڕووی خۆپیشانده‌ران بوونه‌وه‌ و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ 7 كه‌س كوژران و نزیكه‌ی 90 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.


k24-
Top