حەشدی شەعبی هەڕەشەیەکی توند لە هێزەکانی ئەمریکا دەکات
لە بەیاننامەیەکدا، کە میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردووەتەوە، ئەو میلیشیایانە رایانگەیاندووە، کە ”داگیرکاریی ئینگڵۆ- ئەمریکی و سعودی - زایۆنی) هەوڵ دەدەن خۆیان بەسەر ئیرادەی عێراقییەکان بسەپێنن و حکوومەتێک دروست بکەن، کە بە فەرمانی سعودیە و ئەمریکا بجوڵێت.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بوونی هێزەکانی ئەمریکا و هێزە بیانییەکانی دیکە، کە بۆ هاوکاریی هێزە عێراقییەکان لە شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش چوونەتە وڵاتەکە، بە ناشەرعی دادەنێن.
ئەو میلیشیایانە هەڕەشە لەو هێزە بیانییانە دەکەن، کە ئێستا لە عێراقن و دەڵێن، ئارامگرتنی حەشدی شەعبی سنووری خۆی هەیە و ئەگەر لەوە زیاتر بمێننەوە، ئەوا ”وەک هیزی داگیرکەر سەیریان دەکەین و مافی خۆمانە بە هەر جۆرێک بێ لە وڵاتەکەمان دەریان بکەین“.
لە بەیاننامەکەدا، حەشدی شەعبی هۆشداریی داوەتە حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق، لە ئەنجامدانی ”رێکاری نابەرپرسانە و دەستبەسەرداگرتنی هەموو جومگەکانی دەوڵەت“ و رایگەیاندووە، حەشدی شەعبی بێ وەڵام نابێ.
ناوی ئەو میلیشیایانەی هەڕەشەنامەکەیان واژۆۆ کردووە:
- رێکخراوی بەدر
- بزووتنەوەی جیهاد و بینا
- عەسایب ئەهلولحەق
- کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا
- بزووتنەوەی جوندولئیمام
- بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای ئەوفیا
- سەرایا عاشورا
- سەرایا ئەنساڕ ئەلعەقیدە
- سەرایا خوڕاسانی
- کەتائیب ئیمام علی
وای هەرەسهێنانی سوپای عێراق، حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 میلیشیای تائیفی بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان دروست بوو.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنیوز