خۆپیشاندەرێک بە گوللەی هێزە عێراقییەکان کوژرا
شەوی دووشەممە 3/9/2018، مەکی یاسر ئەلکەعبی، کە لە 30کانی تەمەنیەتی، بە گوللەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا.
دوای کوژرانی ئەو گەنجە، خۆپیشاندانەکانی بەسرە فراوانتر بوون و هاووڵاتییان ناڕەزایی توندی خۆیان دژی وەڵام نەدانەوەی داواکانیان و بەکارهێنانی توندوتیژی دژیان، دەربڕی.
پێشتریش هێزە ئەمنییەکانی عێراق ژمارەیەک خۆپیشاندەریان دەستگیر کردبوو و بەشێوەیەکی دڕندانە گازی فرمێسکڕێژ و بۆمبی گازییان هەڵ دەدانە سەر.
لە ناوەڕاستی مانگی 7ـی 2018ـەوە، هاووڵاتییانی بەسرە و دواتریش شارەکانی دیکەی باشووری عێراق دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی ئاوی شیرین و کارەبا و بێکاریی گەنجان، خۆپیشاندان دەکەن.
بەهۆی نەبوونی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان بەتایبەت ئاوی خواردنەوە و کارنەکردنی حکوومەتی عێراق بۆ دابینکردنی ئاو بۆ خەڵکی بەسرە، پێشتر دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەک ملیۆن و 300 هەزار لیتر ئاوی خواردنەوەی بە بارهەڵگر بۆ خەڵکی بەسرە نارد و لەڕێی فڕۆکەخانەشەوە هاوکاریی و پێویستییە سەرەکییەکانی ژیان، بۆ ئەو خەڵکە دەنێرێت.
بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێز و میلیشیا عێراقییەکانیشەوە، زیاتر لە 750 خۆپیشاندەر کوژراون و بریندار بوون، جگە لە دەستگیرکرانی سەدانی دیکە.
بەسرە کەوتووەتە باشووری عێراق، بە یەکێک لە شارە هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهان لە رووی سامانی سروشتییەوە دادەنرێت و شادەماری ئابووریی عێراقە، بەڵام حکوومەتی ئەو وڵاتە تەنانەت ئاوی خواردنەوەشی بۆ ئەو خەڵکە دابین نەکردووە.
باسنيوز