خۆپیشاندەرانی بەسرە کێڵگەیەکی نەوت و دەروازەیەکی سنووری دادەخەن

 خۆپیشاندەرانی بەسرە کێڵگەیەکی نەوت و دەروازەیەکی سنووری دادەخەن
خۆپیشاندان لە پارێزگای بەسرە دەستی پێ کردەوە و خۆپیشاندەران بەرەو کێڵگەیەکی نەوت و دەروازەیەکی سنووری چوون.

رۆژی یەکشەممە 2/9/2018، سەدان هاووڵاتیی بەسرە چوونە بەردەم دەروازەی سەرەکیی کێڵگەی نەوتیی بنعەمەر لە بەسرە.

خۆپیشاندەران ناڕەزایی توندی خۆیان دژی وەڵامنەدانەوەی حکوومەت بۆ داخوازییەکانیان دەربڕی و رایانگەیاندووە، بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیان.

دواتر خۆپیشاندەران لەسەر داوای لێژنەی هەماهەنگییەکانی خۆپیشاندان بەرەو دەروازەی شەلامچە لەنێوان عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆیشتن و هەواڵی داخستنی مەرزە سنوورییەکەش لە میدیا عێراقییەکان بڵاو بووەتەوە.

بەهۆی نەبوونی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان بەتایبەت ئاوی خواردنەوە و کارنەکردنی حکوومەتی عێراق بۆ دابینکردنی ئاو بۆ خەڵکی بەسرە، پێشتر دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەک ملیۆن و 300 هەزار لیتر ئاوی خواردنەوەی بە بارهەڵگر بۆ خەڵکی بەسرە نارد و لەڕێی فڕۆکەخانەشەوە هاوکاریی و پێویستییە سەرەکییەکانی ژیان، بۆ ئەو خەڵکە دەنێرێت.

لە ناوەڕاستی مانگی 7ـی 2018ـەوە، هاووڵاتییانی بەسرە و دواتریش شارەکانی دیکەی باشووری عێراق دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی ئاوی شیرین و کارەبا و بێکاریی گەنجان، خۆپیشاندان دەکەن.

بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێز و میلیشیا عێراقییەکانیشەوە، زیاتر لە 750 خۆپیشاندەر کوژراون و بریندار بوون، جگە لە دەستگیرکرانی سەدانی دیکە.

بەسرە کەوتووەتە باشووری عێراق، بە یەکێک لە شارە هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهان لە رووی سامانی سروشتییەوە دادەنرێت و شادەماری ئابووریی عێراقە، بەڵام حکوومەتی ئەو وڵاتە تەنانەت ئاوی خواردنەوەشی بۆ ئەو خەڵکە دابین نەکردووە.









باسنيوز
Top