هێزە عێراقییەکان هەوڵی پەشیمانکردنەوەی فوئاد دەدەن
بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق، پێویستە دوای 15 رۆژ لە پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدڕالییەوە، لەسەر داوای سەرۆک کۆمار پەرلەمانی نوێ کۆ ببێتەوە.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)، هێزە عێراقییەکان گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر فوئاد مەعسومی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ دواخستنی کۆبوونەوەکە، کە بڕیارە رۆژی دووشەممە 3/9/2018 بەڕێوە بچێت.
لەبارەی وەڵامی سەرۆک کۆمار بۆ ئەو گوشار و هەوڵانە بۆ پەشیمانکردنەوەی مەعسوم، کە داوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا کردووە، شێروان وائیلی، راوێژکار لە سەرۆکایەتیی کۆمار بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، ”مەعسوم پابەندە بە دەستوور و هەرگیز بڕیاری دواخستنی دانیشتنەکە لەژێر هیچ گوشارێک نادات“.
تا ئێستا هێزە عێراقییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و بوونەتە دوو بەرە؛
- بەرەی سەدر-عەبادی
موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر و سەرۆکی هاوپەیمانیی سائیرون و حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر و ئەیاد عەللاوی کەسانی دیاری ناو ئەو بەرەیەن.
- بەرەی مالیکی- حەشدی شەعبی
نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری، سەرۆکی میلیشیای بەدر و سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح (حەشدی شەعبی) و فالح فەیازی سەرکردە لە هاوپەیمانیی نەسر، کەسانی دیاری ناو ئەو بەرەیەن.
رۆژی شەممە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا و رۆژی 19/8/2018ش دادگای فیدڕالیی عێراق ئەنجامەکەی پەسەند کرد.
هاوپەیمانیی و لیستە براوەکان:
- هاوپەیمانیی سائیرون بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر، 54 کورسی
- هاوپەیمانیی فەتح (حەشدی شەعبی) بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، 47 کورسی
- هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی، 42 کورسی
- لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، 25 کورسی
- هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نوری مالیکی، 25 کورسی
- ئیئتیلافی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەللاوی، 21 کورسی
- رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەمار حەکیم، 19 کورسی
- لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، 18 کورسی
- هاوپەیمانیی قەرار بە سەرۆکایەتیی ئوسامە نوجەیفی، 14 کورسی
بەپێی تەوافوقی سیاسیی عێراق، کە لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003ـەوە پەیڕەو دەکرێ، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بۆ کوردە، سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی عەرەبی سوننە و سەرۆکایەتیی حکوومەتیش بۆ پێکهاتەی عەرەبی شیعەیە.
باسنیوز