نوری مالیکی باسی شەڕی ناوخۆیی دەکاتەوە
رۆژی شەممە 1/9/2018، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا راگەیەندراوێکی لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) پەیامێکی بۆ گەلی عێراق و ”هێزە نیشتمانییەکان“ ناردووە.
نوری مالیکی پێی وایە ناکۆکیی و دابەشبوونی هێزە سیاسییە عێراقییەکان و دەستوەردانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لە کاروباری ناوخۆی عێراق یەکێتیی خاکی عێراق دەخاتە مەترسییەوە.
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا هۆشداریی لە روودانی شەڕی ناوخۆیی لە وڵاتەکەی دەدات و ”دەستوەردانە دەرەکییەکان“یش بە هۆکاری سەرەکیی لە ئەگەری دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی، دادەنێت.
نوری مالیکی ئامۆژگاریی هێزە عێراقییەکان دەکات گوێ بە ئاژاوەکان نەدەن، کە “هێزە دەرەکییەکان” لە دەرەوە دژی عێراق دەیگێڕن و وەک ئاماژەیەکیش بۆ دوورکەوتنەوە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریکا، رایگەیاندووە، ”بەو رێیەدا ناڕۆین، کە وڵاتانی هەرێمی و گەورە“ دەیانەوێ.
پێشتریش چەند رۆژێک پێش هەلبژاردنی پەرلەمانی عێراق، نوری مالیکی رایگەیاندبوو، کە دوای هەڵبژاردن، شەڕی ناوخۆیی لە عێراق دروست دەبێت.
رۆژی 19/8/2018 دادگای فیدڕالیی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پەسەند کرد، کە هەڵبژاردنەکە لە رۆژی 12/5/2018 ئەنجام درا و تا ئێستا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.
باسنيوز