سەرکردەیەک دوای رەخنەگرتن لە ئێران دەدرێتە بەر دەستڕێژی گوللە
شەوی هەینی 31/8/2018، عەلی سنێد، سەرکردەی هاوپەیمانیی نەسر بەشداریی بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیی عێراقی کرد و باسی هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقی کرد.
عەلی سنێد لە میانی قسەکانیدا، رەخنەی لە دەستوەردانەکانی ئێران لە کاروباری ناوخۆی عێراق گرت و بە بەرپرسانی ئێرانی رایگەیاند، ”لەمڕۆوە هیچ پرۆژەیەکتان لە عێراق نییە“.
دوای هاتنە دەرەوەی ئەو سەرکردەیەی نەسر لە کەنالەکە، لەناو ئۆتۆمبێلەکەیەوە لەلایەن چەند چەکدارێکەوە درایە بەر دەستڕێژی گوللە.
بەپێی زانیارییەکان، عەلی سنید و شۆفێرەکەی بە سەلامەتی لەو هەوڵەی تیرۆرکردن دەرباز بوون، تەنیا یانی ماددی بە ئۆتۆمبێلەکەیان گەیشت.
ئەو رووداوە دوای ئەوە دێت، کە حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر بڕیاری دوورخستنەوەی فالح فەیازی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی لە پۆستەکەی دا.
فالح فەیاز هاوکات لەگەڵ پۆستە حکوومییەکەی، سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبییە و زۆربەی سەرکردەکانی هاوپەیمانیی نەسریش دژی بڕیارەکەی عەبادین.