سی ئای ئێی : هه‌ڵمه‌تێك له‌ دژی قەیس خەزعەلی و گرووپەكەی به‌ڕێوه‌ دەبەین

سی ئای ئێی : هه‌ڵمه‌تێك له‌ دژی قەیس خەزعەلی و گرووپەكەی به‌ڕێوه‌ دەبەین
قه‌یس خه‌زعه‌لی، ئه‌مینداری گشتی عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌ق زانیاری نوێی له‌سه‌ر پاڵپشتیكردنی ئێران بۆ گرووپه‌ شیعه‌كانی عێراق له‌ پاش ساڵی 2003ـه‌وه‌ ئاشكرا كردووه‌.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رۆژنامه‌ی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئه‌مه‌ریكی، به‌م دوواییانه‌ په‌رده‌ له‌ رووی ئه‌و راپۆرتانه‌ هه‌ڵماڵراوه‌ كه‌ نھێنی بوون و تیشكی خستووه‌ته‌ سه‌ر دیارترین كه‌سایه‌تییه‌ شیعه‌كانی عێراق و رۆڵی ئێران له‌ راهێنان و مه‌شقپێكردنی ئه‌و میلیشیا عێراقیانه‌ی هێرشیان ده‌كرده ‌سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.

له‌و راپۆرته‌ نهێنییه‌دا كه‌ په‌رده‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵماڵراوه‌، به‌ڵگه‌ی له‌باره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كردن له‌ قه‌یس خه‌زعه‌لی تێدایه‌ كه‌ ساڵی 2007 له‌لای هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستگیر كرابوو و تۆمه‌تی سه‌ركردایه‌تیكردنی هێرشێكی بۆ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا درابووه‌ پاڵ كه‌ بووه‌ هۆی كوژرانی 5 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی.

خه‌زعه‌لی پێش ئه‌وه‌ی جیابێته‌وه‌ و هێزێكی چه‌كداریی نوێ دابمه‌زرێنێ، كه‌سێكی نزیكی موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در بوو، دانی به‌وه‌داناوه‌ كه‌ وه‌ك نوێنه‌ری سه‌در چووه‌ته‌ ئێران و له‌لایه‌ن دوو به‌رپرسی پایه‌به‌رزی ئێرانی پێشوازی لێكراوه‌. به‌و به‌رپرسانه‌ی گوتووه‌ پێویسته‌ سه‌در له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌شداری بكات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌به‌ری كۆنترۆڵكردنی ده‌سه‌ڵاتی شیعه‌ به‌سه‌ر وڵاتدا بكریت. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانداری فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران كۆبووه‌ته‌وه‌.

له‌ میانی لێكۆڵینه‌وه‌كردن له‌گه‌ڵ خزعه‌لی له‌ 18/7/2007، دانی به‌وه‌داناوه‌ كه‌ سوپای پاسدارانی ئێران مه‌شقیان به‌ میلیشیاكانی عێراق كردووه‌ له‌ 3 بنكه‌ی سه‌ربازی نزیكی تاران و یه‌كێك له‌و بنكانه‌ش بنكه‌ی "ئیمام خومه‌ینی" بووه.

خه‌زعه‌لی گوتوویه‌تی: "ئێرانییه‌كان هیچ ئامانجێكی سه‌ربازییان له‌ عێراق به‌سه‌ردا نه‌سه‌پاندووین تا په‌لاماری بده‌ین، به‌ڵام ته‌ئكیدیان ده‌كرده‌وه‌ پێویسته‌ هێرشه‌كانمان له‌سه‌ر هێزه‌كانی بریتانیا چڕبكه‌ینه‌وه‌ تا ناچاریان بكه‌ین له‌ عێراق بكشێنه‌وه‌. به‌هه‌مانشێوه‌ بۆ ئه‌مه‌ریكییه‌كانیش ئه‌و فشاره‌ درووست بكه‌ین تا عێراق جێبهێڵن".

له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كاندا خه‌زعه‌لی دانی به‌وه‌داناوه‌ كه‌ ئێرانییه‌كان چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی قه‌ڵغانبڕی كوشنده‌یان داوه‌ته‌ میلیشیا شیعه‌كان و بۆ كوشتنی سه‌ربازه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌كارهێنراوه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی كوژران.

به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكی ده‌ڵین‌: "زۆرترین رۆڵێك كه‌ خه‌زعه‌لی بینیبێتی، هه‌وڵی رفاندنی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا بووه‌ له‌ شاری كه‌ربه‌لای باشووری عێراق و به‌و هۆیه‌وه‌ 5 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی كوژران. ئامانجی پشت ئه‌و هێرشه‌ش كه‌ له‌ ئێران پلانی بۆ دارێژرابوو، ده‌ستگیركردنی ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی بوو تا وه‌ك بارمته‌ بۆ گۆڕینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی ره‌وته‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در به‌كاریانبهێنن كه‌ له‌لای ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌ستگیركرابوون" خه‌زعه‌لی خۆیشی له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كاندا دانی پێداناوه‌.

خه‌زعه‌لی ساڵی 2009 له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه‌ راده‌ستی حكوومه‌تی عێراق كرایه‌وه،‌ پاش ئه‌وه‌ی به‌ڵێندرا گرووپه‌كه‌ی چه‌ك دابنێن، حكوومه‌تی عێراقیش پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م ئازادی كرد.

رۆژنامه‌ی واشنتن پۆستی ئه‌مه‌ریكی بڵاویكردبووه‌ كه‌ فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا، به‌م دوواییانه‌ په‌رده‌ی له‌سه‌ر ده‌یان راپۆرتی نهێنی هه‌ڵماڵیوه‌ كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ لێكۆڵینه‌وه‌كردن له‌گه‌ڵ خه‌زعه‌لی، ئه‌وه‌ش وه‌ك به‌شێك له‌ دۆكیۆمێنتكردنی مێژووی جه‌نگی عێراق دێت، به‌ڵام له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ خه‌زعه‌لی له‌ مه‌یدانی سیاسه‌تی عێراقیدا خه‌ریكه‌ ئه‌ستێره‌ی به‌ختی روونتر ده‌ركه‌وێت.

ده‌رباره‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر خه‌زعه‌لی ئاشكرای كردوون، قاسم ده‌راجی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی عه‌سائیب ده‌ڵێت: "پێده‌چێت ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵمه‌تێك له‌ دژی عه‌سائیب و رێبه‌ره‌كه‌ی كه‌ خه‌زعه‌لی یه‌ به‌ڕێوه‌ ببات، چونكه‌ به‌توندی ده‌ستوه‌ردانی بیانی له‌ عێراق ره‌تده‌كاته‌وه‌".





K24
Top