كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لێدوانێكی حەیدەر عەبادی رەت دەكاتەوە
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە پەنا بۆ دادگا دەبات وەكو ناڕەزاییەك بەرانبەر بڕیارەكەی دوێنێی حكوومەتی عێراق لەبارەی درێژكردنەوەی ماوەی لەكارخستنی ئەنجوومەنی كۆمسیاران.
كۆمسیۆن ئاماژەشی بەوە داوە كە ئەم بڕیارەی حكوومەتی عێراق پێشێلكارییەكی ئاشكرای پرەنسیپی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانی عێراقە.
دوێنێ شەو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ماوەبەسەرچووی عێراق لە (فەیسبووك)ەوە رایگەیاند كە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە هەموارە یاساییەكەی پەرلەمانی عێراق جێبەجێ بكات كە بۆ راگرتنی كاری كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەریكردبوو.
ئەگەرچی عەبادی پێشتر رایگەیاندبوو كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بەمەبەست ساختەی نەكردووە و تەنها هەڵەیان بەسەردا تێپەڕیوە، دوێنێ بڕیارێكی پێچەوانەی لێدوانەكەی پێشووی خۆی راگەیاند.
عەبادی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك) نووسیویەتی "ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە كە پێویستە حوكمەكانی ئەو یاسایەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەریكردووە بۆ راگرتنی كاری كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق جێبەجێ بكرێت، تا ئەو كاتەی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی ساختەكاری ئاماژەپێكراو لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە كۆتایی دێت، هیچ بڕیارێكی ئەنجوومەنی كۆمسیارانیش كە دەریانكردووە یان دەریدەكەن لە ماوەی دەستپێكردنی لێكۆڵینەوەكان تا كۆتاییهاتنی لێكۆڵینەوەكان، كاری پێناكرێت".
جێی باسە لە دوای دەرچوونی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، ژمارەیەك لایەنی دۆڕاوی هەڵبژاردنەكە سكاڵایان كرد لەبارەی هەبوونی ساختەكاری، بەم هۆیەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داوای لێكۆڵینەوەی كرد، پەرلەمانی عێراقیش كاری ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان هەڵپەسارد.
باسنيوز