میسال ئالووسى بۆ عه‌بادى: زمانى هه‌ڕه‌شه‌ و تیرۆری ئێرانى قه‌بوول مه‌كه‌

 میسال ئالووسى بۆ عه‌بادى: زمانى هه‌ڕه‌شه‌ و تیرۆری ئێرانى قه‌بوول مه‌كه‌
سه‌رۆكى حزبێكى عێراقی، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ڕه‌شه‌كانى ئێران به‌داخستنى گه‌رووى هورمز، هه‌ڕه‌شه‌ى ڕاسته‌وخۆن بۆ سه‌ر حكوومه‌ته‌كه‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادی و گه‌لى عێراق.

میسال ئالووسى، په‌رله‌مانتارى پێشوو و ئه‌میندارى گشتیی پارتى نه‌ته‌وه‌ی عێراقی، له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا ڕای گه‌یاندووه‌: "چه‌ندباره‌بوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانی ڕژێمى ئێران به‌داخستنى گه‌رووى هورمز، په‌یامێكه‌ بۆ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌وڵاتان له‌سه‌رووشیانه‌وه‌ عێراق، كه‌ به‌ته‌واوه‌تى پشتمان به‌ داهاتى نه‌وت به‌ستووه‌ و سه‌رچاوه‌كه‌ش به‌زۆرى له‌ گه‌رووى هورمزه‌وه‌ هه‌نارده‌ ده‌كرێت".

ڕوونیكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ هه‌ڕه‌شه‌كانى ئێران به‌داخستنى گه‌رووى هورمز، هه‌ڕه‌شه‌ى ڕاسته‌وخۆشه‌ بۆ سه‌ر حكوومه‌تى حه‌یده‌ر عه‌بادی به‌به‌رسێتیكردنى گه‌لی عێراق و په‌كخستنى ژیان و گوزه‌رانیان.

داواشى له‌ هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ و ئه‌نجومه‌نى نوێی نوێنه‌ران و حكوومه‌تى داهاتوو كرد، زمانى هه‌ڕه‌شه‌ و تیرۆری ئێرانى، ڕه‌ت بكه‌نه‌وه‌: "پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌مووان، كارئاسانى بۆ ئه‌مریكا و په‌یمانى ناتۆ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ڕێگه‌ له‌ ئێران بگرن هه‌ڕه‌شه‌كانى جێبه‌جێ بكات".

به‌هۆى سزا ئابوورییه‌كانى ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران، ده‌سه‌ڵاتدارانى تاران هه‌ڕه‌شه‌ى داخستنى گه‌رووى هورمز ده‌كه‌ن، كه‌ به‌شێكى زۆرى نه‌وتى كه‌نداوى عه‌ربى و عێراق، له‌و ڕێگه‌ ده‌ریاییه‌وه‌ ده‌گه‌یندرێته‌ وڵاتانى جیهان.








باسنيوز
Top