فوئاد : ناتوانین پابەندی سزاکانی سەر ئێران نەبین
ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەقی چاوپێکەوتنێکی فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراقی لەگەڵ کەناڵی (ئەلعالەم)ی ئێرانی بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا رایگەیاندووە، عێراق بەهۆی ئەو سزایانەوە، زەرەرمەند دەبێت.
فوئاد مەعسوم بە پێویستی دەزانێ بەرپرسانی باڵای ئێران بۆ کەمکردنەوەی زەرەر و زیانەکانی سزا ئەمریکییەکان، پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ پێنج وڵاتە سەرەکییەکەی جیهان بدات، کە لەگەڵ ئەمریکا رێککەوتننامەی ناوکیان واژۆ کرد.
سەرۆک کۆماری عێراق لەبارەی یەکەم کاردانەوەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق، کە پابەندیی وڵاتەکەی بە تەواوی سزاکانی سەر ئێران راگەیاندبوو، رایگەیاندووە، ”رەنگە ئەگەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی نەبا، بەشێوەیەکی دیکە وەڵامی ئەو پرسیارەی دەدایەوە“.
فوئاد مەعسوم بە ئاماژەکردن بە گرنگیی ئێران بۆ عێراق وەک هاوسنوورێک، بەڵام جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەوان ناتوانن پابەندی سزاکان بە تایبەت حەوالە بانکییەکان لە عێراقەوە بۆ ئێران نەبن، چونکە ”بمانەوێ یان نا دەبێ پابەندی بەشێک لە سزاکان بین، بەتایبەت حەوالە بانکییەکان، لەبەر ئەوەی ئەمریکا چاوی لەسەر هەموو حەوالە بانکییەکانی عێراقە“.
چەند مانگێکە پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن گەیشتوونەتە خراپترین ئاست و ئەمریکا ژمارەیەک سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.
شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
باسنیوز