یاساناسێک: بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق بۆ بە شارۆچکەکردنی مەندەلی نادەستوورییە
شارەزایەکی بواری یاسا و دەستوور، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق بۆ بەشارۆچکەکردنی مەندەلی نادەستووری و نایاساییە و جێبەجێ ناکرێت، چونکە ناکرێت دەستکاری دەستوور بکرێت.
بەهجەت سەبری ئاکرەیی، مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە بواری یاسا و دەستوور، لەبارەی بڕیاری بە شارۆچکەکردنی شارەدێی مەندەلی سەر بە شارۆچکەی خورماتوو، ڕاگەیاند: ”حکوومەتی عێراق مەبەستییەتی لە ڕێگای ئەو بڕیارەوە مەندەلی لە ڕووی ئیدارییەوە بخاتەوە سەر بەغدا، چونکە ڕێژەیەکی زۆر بیرە نەوتی تێدایە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سوود لەو بیرە نەوتانە وەربگرێت، بڵێت ئەو ناوچەیە بە بڕیاری من کراوە بە شارۆچکە و لە ڕووی ئیدارییەوە سەربە منە“.
ئەو یاساناسە، جەختی لەوەش کردەوە، کە بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق بۆ بەشارۆچکەکردنی مەندەلی نادەستوورییە و پێچەوانەی یاسایە، چونکە یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بۆیە ئەگەر هەر بڕیارێک لەسەر ناوچەکانی مادەی 140 بدرێت، ئەوا لە کاتی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠دا هەموو بڕیارەکان 100% هەڵدەوەشێنەوە، چونکە سەرەنجام ئەوانە بڕیارن نەک یاسا.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ، ئەوەی خستە ڕوو، کە بڕیاری بە شارۆچکەکردنی مەندەلی جێبەجێ ناکرێت، چونکە بڕیارێکی ئیدارییە نەک دەستووری، لەبەر ئەوەی حکوومەتی عیراق ناتوانێت دەستکاری دەستوورێک بکات، کە هەموو خەڵکی عێراق دەنگیان پێ داوە.
bas news-