میدیایەکی ئێرانی: گەشتیارە عەرەبە شیعەکانی عێراق بۆ سیغە دێنە ئێران

 میدیایەکی ئێرانی: گەشتیارە عەرەبە شیعەکانی عێراق بۆ سیغە دێنە ئێران
ماڵپەڕی (تابناک)ی سەر بە موحسین ڕەزایی، ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران، لە ڕاپۆرتێکی کۆمەڵایەتیدا ئاماژەی بە ھۆکارەکانی زیاتر بوونی ڕێژەی گەشتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئێران، و خراپیی ڕەوشی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئێران کردووە.

پاش ئەوەی قەیرانە ئابووری و داراییەکانی ئێران قووڵتر بوونەوە و ھاوکات بەھاری دراوی ئێرانی لە بەرانبەر دراوە بیانییەکان دابەزی، ڕێژەی چوونی گەشتیارانی وڵاتانی دەوروبەر و بەتایبەتی ھاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئێران ڕووی لە ھەڵکشان کردووە.

(تابناک) لەمبارەوە بە پشتبەستن بە ئامار و داتاکانی ڕێکخراوی گەشتیاریی ئێران بڵاوی کردووەتەوە: "بەھۆی دابەزینی بەھاری دراوی ئێران، ھاتنی ڕێژەی گەشتیارانی عێراق بۆ شارە گەورەکانی ئێران ٩٠% زیادی کردووە، ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بڕیارانەی کە ناوەندە پەیوەندیدارە گەشتیارییەکان کە نرخ و بەھای خزمەتگوزاریی گەشتیارییان بۆ گەشتیارە مەزھەبییەکان (ئەوانەی بۆ زیارەتکردنی شوێنە ئایینییەکانی مەشهەد و قوم و شوێنە ئایینییەکانی دیکە دەچنە ئێران) کەم کردەوە، ئەمەش خەساری زۆری لێ کەتووەتەوە".

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا ھاتووە: "ئەوە شتێکی حاشاھەڵنەگرە و نابێ بشاردرێتەوە کە ھاتنی گەشتیاری عێراقی و بەتایبەت شیعەکان بۆ ئێران، سەفەری مەزھەبی و مەشھەد و قوم و زیارەتی "شاعەبدولعەزیم" بیانوویەکە و لەڕاستیدا ئامانجیان تەنیا بۆ ڕابواردن و سیغە (پرۆسەی ھاوسەرگیریی کاتی)یە، ئەمەش لە سەفەری سەڵتی و تاکەکەسییاندا دیارە و بەتایبەت ئەوانەی سەردانی مەشھەد دەکەن و لە کاتی جێگیربوونیان لە ھۆتێلەکان لە داخوازییەکاندا بە جوانی دەردەکەوێت".

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "گاردیەن"ی بەریتانی کردووە کە ساڵی ٢٠١٥ لەمبارەوە لەژێر ناوی "عیبادەت، خواردن، سێکس و پارکی ئاوی لە مەشھەدی موقەدەس"دا و نووسیویەتی: "ھەرچەند ئەو ڕاپۆرتە ڕاستە، بەڵام بەرپرسان سەرەتا حاشایان لێ کرد و بە پیلانێکی لەپێشدا داڕێژراو لەقەڵەمیان دا کە گوایە بۆ سووککردنی سیمای مەزھەبی و مەعنەویی مەشھەد ئامادە کراوە، بەڵام دواتر بەڵگەکان دەرکەوتن کە ڕاستە".

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی ماڵپەڕی (تابناک)دا ھاتووە: "ئەمڕۆ گرفتی ھاتنی گەشتیارانی عەرەب – بە دیاریکراوی پیاوانی سەڵت کە بەبێ بوونی بنەماڵ دێنە مەشھەد – لەم شارە گەورەیە ئیتر حاشای لێ ناکرێت، تەنیا شتێک کە دەکرێ باسی لێوە بکرێ، ئەو بووچوونانەن کە لەبارەی ڕێژە و فراوانبوونیان لە ئارا دایە. گرفتەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە ئەو گەشتیارە عەرەبە عێراقییانە بە مەرجی بوونی "خانم"ێک بۆ سیغە و ھاوسەرگیریی کاتی، لە ھۆتێلەکان نیشتەجێ دەبن کە بەداخەوە لەم پێناوەدا کۆمەڵێک پیشە و کار بۆ ئاڵووێر و دابینکردنی ویستی گەشتیاران ڕەخساوە“.

ماڵپەڕەکە پێیوایە کە ھەلومەرج و قەیرانی ناجێگری کۆمەڵایەتیی ئێران وای کردووە، ”خزمەتگوزایی سێکسی ”لە چوارچێوەی شەرع“دا دابین بکەین و بێگومان گەشتیاری عێراقیش ڕووی تێدەکات".

لە بەشێکی دیکەی ھەمان بابەتدا ھاتووە: "ئەوان (گەشتیارە عەرەبە شیعە عێراقییەکان) بە باشی لە قەیرانی کۆمەڵایەتی و بێکاری و خەسارە کۆمەڵایەتییەکانمان دەزانن و نەخۆشیی ناو کۆمەڵگەکەمانیان (بەڵام بەنھێنی) وەبیر ھێناینەوە، کەواتە نابەجێ و بێ سوودە کە دروشمی (ناسنیۆنالیزمی ئێرانی) ھەڵبگرین و بەم کارەشمان ھەستی عەرەب تارێنی بورووژێنین و ھەندێ بابەتی لاوەکیی ڕەگەزی و بێ واتای وەک پرسی جێنسیی "عەرەب و عەجەم" دووپات بکەینەوە".

ئاشکرابوون و خستنە ڕووی ئەم بابەتە لە شارێکی وەک مەشھەد کە بە شاری مەزھەبیی ئێران ناسراوە لە کاتێک دایە، کە بە بڕیاری مەرجەعە شیعەکانی ئەو شارە، بەڕێوەبردنی ئاھەنگی شادی و کۆنسێرت قەدەغەیە و بە دیاردەیەکی دژە دین و عورف لەقەڵەمی دەدەن و ساڵانە بە دەیان ھونەرمەند بەم بیانووەوە دەستگیر دەکرێن و ئاھەنگەکانیان لێ قەدەغە دەکرێت، بەڵام بە فەرمی ڕێگە بە هاوسەرگیریی سیغە و دابینکردنی ویست و داخوازیی گەشتیارە عەرەبەکان دەدرێت.

بابەتی بوونی خزمەتگوزاریی سێکسی بۆ گەشتیارە عەرەبەکانی عێراق لە شاری مەشھەد بە فەرمی لەلایەن دامەزراوەی ھۆتێلدارەکانی ئەو شارەوە پشتڕاست کرداوەتەوە. لەمبارەیەوە محەمەد قانعی، سەرۆکی دامەزراوەی هۆتێلدارەکانی پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی کە ناوەندەکەی مەشهەدە، بە رۆژنامەی (خۆراسان)ی ڕاگەیاندووە: ”پێنج هەزار یەکەی میوانداری (خانووی تایبەت بە گەشتیاران) کە ناویان (خانەی موسافیر)ە، بەبێ مۆڵەت، خزمەت بە گەشتیارە سەڵتەکانی عێراق دەکەن“. ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ”ئەو گەشتیارانە ئافرەتیان بۆ دەهێندرێت و تەنانەت هەندێک لە گەشتیارەکان داوای کچ دەکەن“.









باسنيوز
Top