مەسعود حەیدەر: ئێران حکوومەتی عێراقی بەدڵ نەبێ کارەبا وەک کارتێکی سیاسی بەکار دێنێ

 مەسعود حەیدەر: ئێران حکوومەتی عێراقی بەدڵ نەبێ کارەبا وەک کارتێکی سیاسی بەکار دێنێ
ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئێران دەتوانێت کارەبا وەک کارتێکی سیاسی دژی حکوومەتی عێراق بەکار بهێنێت.



مەسعود حەیدەر، ئەندامی خولی سێی پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئێران هەم گازی سرووشتی و هەم کارەبا بە عێراق دەفرۆشێت، کە نرخەکەی بە چەندین ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، لە دوای پرۆسەی هەڵبژاردنی ١٢\٥\٢٠١٨، ئێران ئەو کارەبایەی کە بە عێراقی دەفرۆشت، بە بیانووی پێویستیی ناوخۆ و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، لێی بڕی، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەو ئاڵۆزی و خۆپیشاندانانەی ئەم دواییە“.



ئەوەی خستە ڕوو، ئێران لە هەموو کاتێک دا دەتوانێت کارەبا وەک کارتێکی سیاسی لە دژی حکوومەتی عێراق بەکار بهێنێت، ئەگەر حکوومەتی عێراق بە ویستی ئێران نەبێت و بەو ئاراستەیە نەجوڵێتەوە. ئاشکراشی کرد: ”کارتە ئابوورییەکان لە هەموو کاتێکدا ئێران دەتوانێت لە دژی عێراق بەکاریان بهێنێت“.



سەبارەی بە ڕێژەی قەرزەکانی کارەبا و گازی سرووشتیی ئێران لەسەر عێراق، مەسعود حەیدەر دەڵێت: ”بەدیاریکراوی ژمارەکەم لەلا نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی حکوومەتی عێراق لە دانەوەی قەرزەکە دواکەوتووە، ئەوا بە چەند ملیار دۆلارێک دەخەمڵێنرێت، وەزارەتی کارەبای عێراقیش بەرپرسیارێتیی دانەوەی ئەو پارەیەی لە ئەستۆیە“.



باسنیوز
Top