مەسعود حەیدەر: ئێران حکوومەتی عێراقی بەدڵ نەبێ کارەبا وەک کارتێکی سیاسی بەکار دێنێ
مەسعود حەیدەر، ئەندامی خولی سێی پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئێران هەم گازی سرووشتی و هەم کارەبا بە عێراق دەفرۆشێت، کە نرخەکەی بە چەندین ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، لە دوای پرۆسەی هەڵبژاردنی ١٢\٥\٢٠١٨، ئێران ئەو کارەبایەی کە بە عێراقی دەفرۆشت، بە بیانووی پێویستیی ناوخۆ و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، لێی بڕی، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەو ئاڵۆزی و خۆپیشاندانانەی ئەم دواییە“.
ئەوەی خستە ڕوو، ئێران لە هەموو کاتێک دا دەتوانێت کارەبا وەک کارتێکی سیاسی لە دژی حکوومەتی عێراق بەکار بهێنێت، ئەگەر حکوومەتی عێراق بە ویستی ئێران نەبێت و بەو ئاراستەیە نەجوڵێتەوە. ئاشکراشی کرد: ”کارتە ئابوورییەکان لە هەموو کاتێکدا ئێران دەتوانێت لە دژی عێراق بەکاریان بهێنێت“.
سەبارەی بە ڕێژەی قەرزەکانی کارەبا و گازی سرووشتیی ئێران لەسەر عێراق، مەسعود حەیدەر دەڵێت: ”بەدیاریکراوی ژمارەکەم لەلا نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی حکوومەتی عێراق لە دانەوەی قەرزەکە دواکەوتووە، ئەوا بە چەند ملیار دۆلارێک دەخەمڵێنرێت، وەزارەتی کارەبای عێراقیش بەرپرسیارێتیی دانەوەی ئەو پارەیەی لە ئەستۆیە“.
باسنیوز