فوئاد داوا لە پەرلەمان دەكات لە وادەی یاسایی خۆی كۆببێتەوە

فوئاد داوا لە پەرلەمان دەكات لە وادەی یاسایی خۆی كۆببێتەوە
سەرۆك كۆماری عێراق داوا لە پەرلەمان دەكات لە وادەی یاسایی خۆی كۆببێتەوە و داواش لە سەرۆك وەزیران دەكات داواكارییەكانی خەڵكی بەسڕە جێبەجێ بكات.

فوئاد مەعسووم، سەرۆك كۆماری عێراق و حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق كۆبوونەوە و بەپێی راگەیاندراوێكی نووسینگەی سەرۆك كۆمار، ھەردوولا باسیان لە ھەوڵەكانی پێكھێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی كردووە و فوئاد مەعسووم رایگەیاندووە، لەپێناو رێزگرتن لە دەستوور و سەروەری یاسا، پێویستە پەرلەمان لە وادەی یاسایی خۆی كۆببێتەوە. ھەروەھا ھەردوولا داوایان كردووە پارێزگاری لە پرۆسەی دیموكراسی و ئیرادەی دەنگدەران بكرێت و پڕۆسەی پێكھێنانی حكوومەت خێرا بكرێت.

وەك لە راگەیەندراوەكەی نووسینگەی سەرۆك كۆمار ھاتووە: "گفتوگۆی تایبه‌تیش چڕ‌كرایه‌وه‌ له‌باره‌ی گۆڕ‌انكارییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ مه‌سه‌له‌ی په‌له‌كردن له‌ پێكهێنانی كوتلە هه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌ بۆ خۆشكردنی زه‌مینه‌ی بانگهێشتكردنی خولی چواره‌می ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بۆ كۆبونه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی واده‌ ده‌ستوورییه‌كه‌یدا كه‌ سه‌رۆك كۆمار دووپاتیكردووەته‌وه‌ هه‌مووان پابه‌ندبن به‌ رێزگرتنی ئه‌و واده‌یه‌".

جگە لەوەش مەعسووم ھەنگاوەكانی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خەڵكی بەسرەی لەگەڵ عەبادی تاوتوێكردوون و داوای كردووە پەلە لە چارەسەركردنی كێشەكان بكرێت.




K24
Top