سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی داوای گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23/8/2018، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسایب ئەهلی حەقی سەر بە حەشدی شەعبی، لە تویتێکیدا کە لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (تویتەر) بڵاوی کردووەتەوە ڕای گەیاندووە: "هیچ چارەسەرێک نییە لەگەڵ سیستەمی پەرلەمانی، کێشەکان هەروا دەمێننەوە لەبەر ئەوەی سیستەمەکەمان پەرلەمانییە".
دەشڵێت: "پێویستە هەموومان هاوکاربین بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی".
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنی چوارشەممە خەزعەلی لە وتاری نوێژی جەژنی (قوربان)دا لە شاری نەجەف رای گەیاند: "پێویستە ئەو كەسانەی بوونە هۆكار بۆ دووبارە ژماردنەوەی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، چونكە ئەو پرۆسەیە بووەتە هۆكاری خەرجكردنی پارە و دواخستنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عیراق".
باسنیوز