رای حكوومەتی ھەرێم لەبارەی سزاكانی سەر ئێران ئاشكرا دەكرێت
عهبدوڵڵا ئاكرهیی، بەڕێوەبەری گشتی پهیوهندییهكانی نێوان ههرێمی كوردستان و ئێران بە كوردستان24 راگەیاند: "پەیوەندییەكانی ئێمە و ئێران ھی ئەمڕۆ نییە، لە ماوەی رابردوو ئەگەر لە سنوورەكان كێشەیەكمان ھەبووبێت بە لێك تێگەیشتن چارەسەرمان كردووە".
گوتیشی: "پەیوەندیی و مامەڵە بازرگانییەكانمان لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبێت، چونكە وەك ھەرێمی كوردستان پێویستیمان پێیە، بەڵام ئەگەر لەلایەن حكوومەتی عێراق بڕیارێك لەبارەی خاڵە سنوورییەكان دەربچێت و ھەموو سنوورەكانی بگرێتەوە، ئەوكات وەك ھەرێمی كوردستان پابەندی بڕیارەكە دەبین".
عهبدوڵڵا ئاكرهیی، ئاماژەی بەوەشدا: "تائێستا ھیچ بڕیارێك لە حكوومەتی عێراق لەبارەی خاڵە سنوورییەكانی ئێران دەرنەچووە، تەنانەت ئێمە داوای ئەوە دەكەین كە پەیوەندیی و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكان بەرەوباشتر بچێت".
ھەر پەیوەست بەو پرسە د. سهباح سوبحی، شارەزای سیاسی پێی وایە: "پێویستە كاتێك كێشەیەكی ھەرێمی ھەیە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی فەرمیدا رای خۆی رابگەیەنێت، بۆ ئەوەی لێدوان و بۆچوونی جیای لەبارەوە نەدرێت، چونكە كاراكتەری جیا ھەن لەنێو پەیوەندییەكان، لە رووی حزبی و ئابووریی و بازرگانییەوە، لەو جۆرە بڕیارانە ھەندێكیان سوودمەند و ھەندێكیش زەرەرمەندن، ھەر یەكێكیش لەوانە بە جۆرێك لە بابەتەكان دەڕوانن".
K24