کۆماری ئیسلامیی ئێران رەتی کردەوە پێشوازی لە حەیدەر بكات

  کۆماری ئیسلامیی ئێران رەتی کردەوە پێشوازی لە حەیدەر بكات
سەرۆک وەزیرانی ماوە بەسەرچووی عێراق گەڕایەوە وڵاتەکەی و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش رەتی کردەوە پێشوازی لێ بکات.



نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران رایگەیاندووە، درەنگانی شەوی سێشەممە 14/8/2018 حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی ماوە بەسەرچووی عێراق گەڕایەوە پایتەختی وڵاتەکەی.



پێشنیوەڕۆی هەمان رۆژ حەیدەر عەبادی بە سەردانێک گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و لەوێوەش رایگەیاند، لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا، تاوتوێی چەندین پرسی ناوچەکەیان کردووە.



پێشتر بڕیار بوو دوای تورکیا، عەبادی سەردانی تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامیی. ئێران بکات، بەڵام بەرپرسانی ئێران رایانگەیاند، هیچ بەرنامەیەک بۆ سەردانی سەرۆک وەزیرانی ماوە بەسەرچووی عێراق لە تاران، دانەنراوە.



دواتر نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی کەمیی کاتەوە، عەبادی سەردانی ئێران ناکات.



چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئێران رەتی کردووەتەوە پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی ماوە بەسەرچووی عێراق بکات، چونکە دوای راگەیاندنی سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئێران، رایگەیاند، عێراق پابەندی سزاکان دەبێت.





باسنیوز
Top