ژنێکی خۆپیشاندەر داواکارییەکی جیاواز هەیە

ژنێکی خۆپیشاندەر داواکارییەکی جیاواز هەیە
خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی عێراق دژی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیان بەردەوامە و ژنێکی خۆپیشاندەریش داوایەکی جیاواز دەکات.

ئەو ژنە، کە رۆژی دووشەممە 13/8/2018 لە گۆڕەپانی تەحریر چووەتە ناو خۆپیشاندەران و بە تەنیا لەلایەک دانیشتووە، بە لافیتەیەک داواکارییەکانی خۆی خستووەتەڕوو.

ئەو ژنە داوا دەکات ”نیشتمانەکەی“ بۆ بگەڕێننەوە و رایگەیاندووە، ”من داوای ئاو و کارەبا ناکەم، نیشتمانەکەم بۆ بگەڕێننەوە“.

ئەو پێی وایە بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەی نەک تەنیا سامانی وڵاتیان دزیوە، نیشتمانی عێراق و خەڵکەکەشیان دزیوە و داوا دەکات نیشتمان بگەڕێننەوە بۆ خەڵکەکەی، ”تا بە ئازادی و سەربەرزی لەسەری بژین“.

لە ناوەڕاستی مانگی 7ـی 2018ـەوە، هاووڵاتییانی بەسرە و دواتریش شارەکانی دیکەی باشووری عێراق دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی ئاوی شیرین و کارەبا و بێکاریی گەنجان، خۆپیشاندان دەکەن.

بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێز و میلیشیا عێراقییەکانیشەوە، تا ئێستا زیاتر لە 750 خۆپیشاندەر کوژراون و بریندار بوون، جگە لە دەستگیرکرانی سەدانی دیکە.









باسنيوز
Top