"ئەگەر دەستوور جێبەجێ نەکرێت، دۆخی عێراق خراپتر دەبێت"
لە گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی هەینی ڕابردوو ١٠\٨\٢٠١٨ خۆپیشاندەرانی عێراق داوای لابردنی سیستەمی پەرلەمانی و گەڕانەوەی سیستەمی سەرۆکایەتییان بۆ عێراق کردووە.
لەو بارەیەوە ئیسلام حوسێن، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لەم قۆناغەی ئێستا نە سیستەمی سەرۆکایەتی و نە پەرلەمانی چارەسەری ئەم دۆخە ناکەن، بەڵکوو جێبەجێکردنی ئەو دەستوورەی کە خەڵکی عێراق دەنگیان بۆ داوە و کوردیش بەشداریی تێدا کرد، دەبێتە چارەسەری ئەم دۆخە و ژیانی خەڵک و پێکهاتەکانیش دابین دەکات، بەڵام ئەگەر وا نەکرێت، ئەوا دۆخی عێراق بەرەو خراپتریش دەڕوات".
پەرلەمانتارەکەی پێشووی پارتی ئاماژە بەوە دەکات: "سیستەمی سەرۆکایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مەترسیدارە، چونکە هەر کەسێک بێتە سەر حوکم، وەک پاشا دەمێنێتەوە و خێزان و کەسوکاری دێنێتە پێش و هەموو دەسەڵاتەکان بۆ خۆی دەبات، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە ساڵانی شەستەکانەوە بەدەست سیستەمی کۆمارییەوە لە عێراقدا ناڵاندوومانە، بۆیە بە بڕوای من نابێ کورد بە هیچ شێوەیەک سیستەمی سەرۆکایەتی قبووڵ بکات".
ڕوونیشی کردەوە، سیستەمی سەرۆکایەتی لە عێراقدا بەبێ هیچ گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی و بەبێ دەستەبەرکردنی مافی کورد و نەتەوەکانی دیکە شتێکی مەترسیدارە و هەم بۆ کورد و تاڕادەیەکیش بۆ شیعە، چونکە ئێمە زۆرمان دیتووە.
باسنيوز