خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و بەسڕە و نەجەف دەست پێ دەکەنەوە

 خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و بەسڕە و نەجەف دەست پێ دەکەنەوە
بڕیارە ئەمڕۆ خۆپیشادان و مانگرتنەکانی خەڵکی ناڕازی لە شارەکانی بەغدا، بەسڕە و نەجەف و شارەکانی دیکەی باشوور و ناوەڕاستی دیکەی عێراق دەست پێ بکەنەوە.

بەپێی زانیاریی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق، لێژنەکانی هەماهەنگیی خۆپیشاندانەکانی بەسڕە و نەجەف ڕایان گەیاندووە، لە درێژەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ڕابردوودا، ئەمڕۆ یەکەشەممە 2018/8/5 لە سەرجەم شارەکانی وەک بەسڕە، بەغدا نەجەف و چەندین شاری دیکە لەدژی نەبوونی خزمەتگوزاری، کەمتەرخەمییەکانی حکوومەت، بێکاری و لە گشت گرنگتر بەهۆی بەدەمەنەچوونی حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکان، خۆپیشاندان دەست پێ دەکەنەوە.

نوێنەری خۆپیشاندەران ئاماژەیان بەوەش کردووە بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان کەمتەرخەمن، بۆیە خۆپیشاندانەکان بەردەوام دەبن تا ئەوکاتەی حکوومەت بە شێوەی جیدی و بە کردار داواکارییەکانیان جێبەجێ و خزمەتگوزارییە پێویستییەکانیان بۆ دابین دەکات و هەلیکار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت.

ماوەیەکە لە سەرجەم شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، خەڵکی لەدژ بە نەبوونی ئاو و کارەبا، بێکاری و خزمەتگوزارییەکانی دیکە دەستیان پێکردووە و لە خۆپیشاندانەکانی دوو هەفتە لەمەوبەردا دەزگا ئەمنییەکانی عێراق بۆ بڵاوپێکردنی هاووڵاتیانی ناڕازی توندوتیژیی بەکار هێنا و لە چەند شاری بەسڕە، نەجەف و دیوانیە و چەند شاری دیکە 15 خۆپیشاندەر کوژران و بە سەدان کەسی دیکەش بریندار و دەستگیر کران.









باسنيوز
Top