حکوومەتی عێراق: ئیدانەی تەقینەوەکەی ئەفغانستان دەکەین
رۆژی هەینی 3/8/2018، تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە مزگەوتی خواجە حەسەن لە شاری گاردیز لە ویلایەتی پاکیتا لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان رووی دا و بووە هۆی گیان لەدەستدانی 25 کەس و برینداربوونی 40 کەسی دیکە.
دوای رووداوەکە، هەر لە رۆژی هەینیدا، ئەحمەد مەحجوب، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەیاننامەیەکی بەناوی وەزارەتەکەی بڵاو کردووەتەوە و رایگەیاندووە، ”نیگەرانین و ئیدانەی ئەو تەقینەوەیە دەکەین“.
بەشێک لە هاووڵاتییانی عێراق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەی تەنز و گاڵتەئامێزییەوە باسی ئەو بەیاننامەیەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان دەکەن و بە سەرسووڕمانەوە دەپرسن، ”ئەی ئەو تەقینەوانەی لە وڵاتەکەی خۆمان روو دەدەن؟ نیگەرانی نەکردوون؟“.
بەهۆی باڵادەستیی دەیان گرووپی تاوانکاریی و تیرۆریستی و ناکارایی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، رۆژانە تەقینەوە، رفاندن و کوشتنی هاووڵاتییان لە شارەکانی ئەو وڵاتە بەتایبەت لە بەغدای پایتەخت، روو دەدەن.