له‌ عێراق 23 هه‌زار كه‌س به‌ رووداوی هاتووچۆ مردوون

له‌ عێراق 23 هه‌زار كه‌س به‌ رووداوی هاتووچۆ مردوون
ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ 1/8/2018 وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی و ژینگه‌ی عێراق رایگه‌یاند: "له‌ ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوودا 66 هه‌زار رووداوی هاتووچۆ له‌ عێراق روویداوه‌و ئه‌و كه‌سانه‌یشی به‌هۆی رووداوه‌كانی هاتووچۆوه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌ نزیكه‌ی 23 هه‌زار كه‌سن و 79 هه‌زار كه‌سی دیكه‌یش بریندار بوون.

ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن ئه‌بو ره‌غیف، به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆگرامی چاودێریی به‌ركه‌وتووانی ده‌ره‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ڵێت: "به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی و ژینگه‌، له‌ ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوودا 66 هه‌زار رووداو تۆماركراوه‌و به‌ دیاریكراوی 22 هه‌زار و 952 كه‌س گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌و 79 هه‌زار كه‌سی دیكه‌ش به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر بریندار بوون".

ئه‌بو ره‌غیف زۆریی رووداوه‌كانی هاتووچۆی بۆ چه‌ند هۆكارێك گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌و گوتوویه‌تی: "خێرایی لێخوڕینی به‌شێك له‌ شۆفێره‌كان و پابه‌ندنه‌بوون به‌ یاساكانی هاتووچۆ و نه‌بوونی ئاگایی پێویست له‌ كاتی شۆفێریدا به‌شێكن له‌ هۆكاره‌كان، جیا له‌ به‌كارهینانی مۆبایل و كه‌مته‌رخه‌می شۆفێران له‌ چاككردنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كانیان و پشكنینی ناوبه‌ناوی ئۆتۆمبێله‌كانیان".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی و ژینگه‌ جگه‌ له‌ زیانه‌ گیانییه‌كان گوتوویه‌تی: "عێراق له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا به‌هۆی زیادبوونی رووداوه‌كانی رێگا و قوربانیانی هاتووچۆوه‌ نزیكه‌ی دوو ملیار دۆلار زیانی ماڵیشی به‌ركه‌وتووه‌، ئه‌وه‌ش حكوومه‌ت ناچار ده‌كات پشت به‌ سیستمێكی هاتووچۆی توند و نوێكردنه‌وه‌ی رێگاكان ببه‌ستێت. چونكه‌ ئێستا هۆكاری یه‌كه‌می مردن له‌ جیهاندا به‌هۆی رووداوه‌كانی هاتووچۆوه‌یه‌ و ساڵانه‌ 5 ملیۆن كه‌س به‌و هۆیانه‌وه‌ ده‌مرن".

هه‌روه‌ها روونیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و رووداوانه‌ كێشه‌ی زۆر بۆ ئابووری وڵات درووست ده‌كه‌ن و رێژه‌ی په‌ككه‌وتووانیش زیاتر ده‌كات كه‌ ته‌مه‌نی زۆرینه‌یان له‌نیوان 15 بۆ 29 ساڵیدایه‌ و هێزی كارن. هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ رێوشوێنی خۆپارێزی بگیرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی رووداوه‌كانی هاتووچۆ كه‌مبكرێنه‌وه‌و به‌هۆی پلانێكی رێكوپێكی لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی وه‌ك هاتووچۆی گشتی و به‌رگریی شارستانی و وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ساتانه‌ بده‌ن".

به‌ڵام ئاماژه‌ی به‌وه‌ نه‌كردووه‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ رووداوه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیشی له‌گه‌ڵدایه‌ یان ته‌نها پارێزگاكانی ژێر ده‌سةڵاتی حكوومه‌تی عێراقن.







K24
Top