" ھاووڵاتییانی بەسڕە داوای بەھەرێمبوونی پارێزگاکەیان دەکەن"
دکتۆر ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بەداخەوە لە خولی رابردووی پەرلەمان زۆر ھاوارمان کرد بۆ داواکاریی مافی ھاووڵاتییانی عێراق کەس گوێی لێ نەگرتین، چونکە ئێمە لە بەغدا بووین و دەزانین چ کارەساتێک بەڕێوە دەچوو لە دزینی پارە و داھاتی عێراقییەکان، ھەرچی پارەی کەرتی خزمەتگوزارییە دزراوە، بە شێوەیەک تەنیا بۆ کەرتی کارەبا ملیاران دۆلار خەرج کراوە و دوو کاتژمێر کارەبا نییە لە باشوور، کەرتی تەندروستی ھەر وێرانە و لە میدیاکان وێنەکان خۆیان دەدوێن."
لەبارەی بڕیاری دامەزراندنی فەرمانبەران لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە، ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق دەڵێت: "دامەزراندنی چی، خۆ لە عێراق دامەزراندن ھەر ھەبووە، بەڵام بۆ کێ، بۆ ئەوانەی سەر بە بەرپرسەکانن، سیستەمی دامەزراندن لە حکوومەتی عێراق، ھەمووی، یان بە خزمخزمێنە بووە، یانیش بە پارە کراوە، واتە دامەزراندنی فەرمانبەران بەرامبەر بە وەرگرتنی پارە بووە، ھەر وەزیرێک ھاتووە تەنیا ئەوانەی دامەزراندووە کە سەر بە حزبەکەی ئەون."
دکتۆر ئەشواق جاف ئاماژەی بو ئەوە کرد: "ھاووڵاتی ئاسایی بێبەش کراوە و کەس لێی نەپرسیوە، ئێمە پڕۆژەیەکمان ھەبوو تا دامەزراندن بکرێت بە سیستەم، بەڵام چونکە لە بەرژەوەندیی بەرپرساندا نەبوو جێبەجێ نەکرا، من ئەو خۆپێشاندانانە بە مافی ھاووڵاتییان دەزانم و حەقە ئەمڕۆ سزای ئەو حکوومەت و حزب و بەرپرسانە بدرێت کە ھیچیان بۆ خەڵک نەکردووە."
خۆپێشاندەرانی باشوور درۆشم و داواکارییان لە خزمەتگوزارییەوە گۆڕیوە بۆ سزادانی گەندەڵکاران و گۆڕینی سیستەمی حوکم لە عێراق، ھاوکات بەشێکی زۆری دانیشتوانی پارێزگای بەسڕە داوای بەھەرێمبوونی پارێزگاکەیان دەکەن تا رزگاریان بێت لە دەست ئەو دەسەڵاتەی لە بەغدایە، ھەر بۆ گەیاندنی داوای بەھەرێمبوون ئەمڕۆ گردبوونەوەیەک لە بەردەوم باڵەخانەی پارێزگای بەسڕا بەڕێوە چوو.
عەبدولسەلام بەرواری، شرۆڤەکاری سیاسی لە لێدوانێکی پێشوویدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردبووەوە، تاکە چارەی کۆتاییھێنان بە قەیرانەکانی ئێستای عێراق دروستکردنی ھەرێمی سوننە و شیعەیە تا لە دەست ئەو حوکمەی بەغدا رزگاریان بێت کە چەندین ساڵە گیریان خواردووە بەدەست حکوومەتێکەوە کە فاشیلە و ھیچی بۆ ناکرێت."
kdp -